لە عێراق حەوت هەزار خێزان بەهۆی گۆڕانی كەش و هەواوە ئاوارەبوون

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاوی كردەوە، بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە حەوت هەزار خێزان ئاوارەبوون، پارێزگاكانی دیالە و دیوانیەش چوونەتە ناو لیستی ئەو پارێزگایانەی، كە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا هاوڵاتییانى ئاوارەبوون، هەروەها زۆرترین ژمارەی ئاوارەش خەڵكی پارێزگای زیقار بوون.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەبارەی ژمارەی ئەو خێزانانەی بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە لە عێراق ئاوارەبوون بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.

لە بایاننامەكەدا هاتووە، نوسینگەكانی سەر بە وەزارەتەکەمان لە پارێزگاكانی عێراق نزیكەی حەوت هەزار خێزانی ئاوارەیان تۆمار كردووە، كە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە ئاوارەبوون، زۆرترین ژمارەی ئاوارەش بەهۆى گۆڕانی كەش و هەوا خەڵكی پارێزگای زیقار بوون، كە زیاتر لە چوار هەزار خێزان تۆمار کراوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، پارێزگای میسان بە هەزار و ٣٥٤ خێزان لە پلەی دووەمدایە، دواتر بەسرە دێت، كە خەڵكەكەی بەهۆی كەمبوونەوەی هەلی كار و وشكەساڵییەوە ئاوارە بوون، هەروەها پارێزگای موسەننا ٤٠٩ خێزان ئاوارە بوون، پارێزگاكانی دیالە و دیوانیەش چوونەتە ڕێزی ئەو پارێزگایانەوە، كە بەهۆی گۆڕانی كەش و هەواوە دانیشتووانى ئاوارە بوون.

ڕوونیشی كردەوە، بە هاوكاری مرۆیی پاڵپشتی ئەو خێزانانەیان كردووە، بەڵام زۆرینەیان كارەكانیان لەدەستداوە و بێكارن، ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر خێزانەكان درووست كردووە و بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هەژاریی، ئەمە جگە لەوەی هەندێكیان بەهۆی ململانێیەی عەشایەرییەكانەوە ئاوارە بوون، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر یەكڕیزی كۆمەڵگا لەو ناوچەنەدا هەبووە.

لە كۆتاییشدا هاتووە، داوا لە هەموو خێزانەكان دەكەین، ناویان لە داتابەیسی وەزارەتدا تۆمار بكەن، بە مەبەستی چوونە ناو بەڵگەنامەكان و پاراستنی مافە یاساییەكانیان لە ئەگەری هەر هەنگاوێك بۆ قەرەبووكردنەوەیان لە داهاتوودا.

ئەمە لە كاتێكدایە، بەهۆی گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراق لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری تورك بەشێكی زۆری دانیشتووانی هۆڕەكانی باشووری عێراق ئاوارەبوون، چونكە هیچ سەرچاوەیەكی بژێویی ژیانیان نەماوە.

هـ.ئ

Comments are closed.