دوو پارێزەر لە عێراق كوژران

ناوەندی هەواڵەكان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەعقوبە چەكدارێكی نەناسراو هێرشی كردە پارێزەر ئیسماعیل تایع، بەرپرسی لقی سەندیكای پارێزەرانی عێراق لە پارێزگای دیالە و لە ناو ئۆتۆمبیلەكەی خۆیدا كوژرا، هەروەها لە هێرشێكی هاوشێوەدا لە پارێزگای بابل پارێزەرێكی دیكە كوژرا.

میدیا عێراقییەكان هەواڵی كوشتنی بەرپرسی لقی سەندیكای پارێزەرانی عێراق لە پارێزگای دیالە و پارێزەرێكی دیکەیان لە شارى بابل بڵاو كردەوە.

میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی دیالە بڵاویان كردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارێكی نەناسراو لە سەر ڕێگای بەعقوبە بۆ شارەدێی مقدادییە بە چەكی دۆشكە هێرشی كردە پارێزەر ئیسماعیل تایع، بەرپرسی لقی سەندیكای پارێزەرانی عێراق لە پارێزگای دیالە و لە ناو ئۆتۆمبێلەدەی خۆیدا كوژراوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، هێزێكی پۆلیسی پارێزگاكە گەیشتە شوێنی ڕووداوەكە و هەڵمەتی گەڕانیان بە مەبەستى دەستگیركردنی ئەو چەكدارە ئەنجامداوە، دواتر تەرمی كوژراوەكە گواسترایەوە بۆ بەشی پزیشكی دادوەری لە نەخۆشخانەی گشتی بەعقوبە.

میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردووەتەوە، لە ڕووداوێكی هاوشێوەدا لە حلەی باكووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای بابل هێرش كراوەتە سەر پارێزەرێك و كوژراوە و پۆلیسی پارێزگای بابل دەڵێت، چەند چەكدارێكی نەناسراو لەناو ئۆتۆمبێلێك بە دەمانچەی بێدەنگ تەقەیان لەو پارێزەرە كردووە و كوشتویانە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، تەرمی كوژراوەكە گواستراوەتەوە بۆ پزیشكی دادوەری بابل، تا ئێستا هۆكاری ڕووداوەكە نازانرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەكان ڕاستەوخۆ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە، گەڕانیان بۆ دۆزینەوەى تاوانباران دەست پێ كردووە.

هـ.ئ

Comments are closed.