قوباد تاڵەبانی: هەرێمى کوردستان پێویستى بە دەستوورە

ناوەندی هەواڵەكان

جێگری سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە كوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستوور كێشە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكات، دەشڵێت، نابێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا بپچڕێنین، بەڵكوو دەبێت بەهێزی بكەین.

ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆك چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەشداری ژمارەیەك لە كەسایەتییە سیاسییەكان بەڕێوە چوو.

لە میانەی وتارێكیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لە ئێستادا كوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام چارەسەری كێشەكانی وەك بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان ناكات.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا قوباد تاڵەبانى باسى لەوە کرد، نابێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا بپچڕێنین، بەڵكوو دەبێت بەهێزی بكەین.

تاڵەبانی جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە: پێویستە پرسی فیدڕاڵیزم لە عێراق چارەسەر بكرێت، بە پێچەوانەوە ئەو پرسە چارەسەر نەبێت دەستووری كوردستان چارەسەر نابێت.

سەبارەت بە غیابی دەستووریی لە هەرێمی كوردستان، وتی: چەند جارێك لەلایەن عێراقەوە پێشێلكاریی دەستووریمان بەرامبەر كراوە، بەڵام هۆكارەكەی ئەوە بووە ئێمەش لە هەرێمی كوردستان غیابی دەستووریمان هەبووە.

ب. هـ

Comments are closed.