ناوەندی هەواڵەكان
ئەمڕۆ لە سەردانێكی پێشوەختە و ڕانەگەیاندراودا وەزیری بەرگریی ئەمریكا گەیشتە كێڤ-ی پایتەختی ئۆكراین و لەلایەن هاوتا ئۆكراینیەكەیەوە پێشوازی لێ كرا، وەزیری بەرگریی ئەمریكا وتی،” لێرەم بۆ ئەوەی پەیامێكی گرنگ بگەیەنم”.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لەبارەی سەردانی لۆید ئۆستین، بۆ ئۆكراین و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، سەردانی ئەمڕۆى وەزیرى بەرگرى وڵاتەکەمان بۆ كێڤ-ی پایتەختی ئۆكراین بە مەبەستی كۆبوونەوە بوو لەگەڵ سەركردەكانی ئۆكراین و پتەوكردنی پاڵپشتی ئەمریكا بۆ خەباتی كێڤ.
وەزیرى بەرگریى ئەمریکا پاش گەشتنى بە کێڤ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لێرەم بۆ ئەوەی پەیامێكی گرنگ بگەیەنم، ئەویش ئەوەیە “ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی ئۆكراین لە شەڕی بەرامبەر ڕووسیا، لە ئێستا و لە داهاتووشدا.
ئاماژەی بەوەش كرد، گفتوگۆكان لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییە ستراتیژیەکانى نێوان ئەمریكا و ئۆكراین دەبێت، لەوانە دڵنیابوون لەوەی، كە هێزە سەربازییەكانی ئۆكراین ئەو توانایە مەیدانییانەیان هەیە، كە بەرگریی لە وڵاتەكەیان لە بەرامبەر هەڕەشەكانی ڕووسیا بكەن.
لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا، وەزیرى بەرگری ئەمریكا میوانداریی ١٧ەمین كۆبوونەوەی گرووپی بەرگریی ئۆكراین دەكات، كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی ٥٠ وڵات بەشداری بكەن.
ئەمریكا گەورەترین وڵاتی بەخشەری هاوكاریی سەربازییە بۆ ئۆكراین، لە دوای هێرشەکانى ڕووسیا ٤٣.٩ ملیار دۆلاری بۆ كێڤ دابین كردووە.
لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢ـەوە، هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراین دەستی پێ كردووە و نزیكەی دوو ساڵە جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە و بەشێكی زۆری خاكی ئۆكراین، لەلایەن سوپای ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە.
هـ.ئ
Comments are closed.