شکست و سەرکەوتن؛ سیستەمی پەروەردە لە نێوان ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستاندا

ناوەندی هەواڵەکان

ڕۆژنیوز لە ڕاپۆرتێکی بەراوردکارییدا، بەپێی ئامار و زانیاریی ورد و فەرمی، تیشک دەخاتە سەر جیاوازی سیستەمی پەروەردە و خوێندن، لە ٣١ ساڵی حکومڕانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ١١ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا، لێرە ٣١ ساڵ لە پاشەکشێ و شکست و گەندەڵیی، لەوێش ١١ ساڵ لە سەرکەوتن و گەشەسەندنی پەروەردە و خوێندن و زانست!

لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەزارەتی پەروەردە و خوێندنیش دامەزرا و خوێندن بە زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، لە پاڵ خوێندنی حکومیی-دا ساڵی ١٩٩٤، بۆ یەکەمجار خوێندنگای ناحکومیی لە هەرێمی کوردستان بە ناوی زانکۆی ئیشک (ڕووناکی) لە هەولێر کرایەوە، لە سلێمانیش لە ساڵی ١٩٩٧ یەکەم خوێندنگای ناحکومیی بە ناوی کۆلێژی سەلاحەدین کرایەوە، کە هەردووکیان وابەستەی تورکیان، تا ئێستاش بەردەوامن و ساڵانە لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ خوێندکاریان هەیە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، ژمارەی خوێندکاران لە سەرجەم خوێندنگا حکومی و ناحکومییەکان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤ گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٩٢١ هەزار و ٩٣١ خوێندکار.

لە ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەدا ئەوەش هاتووە، لە هەرێمی کوردستان ١٦٢ هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە خوێندنگا حکومییەکانن و کۆی گشتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی ناحکومیی پەروەردە بریتییە لە ١٣هەزار و ٢٢٣ کەس.

خوێندنگا ناحکومییەکان؛ ناوەندی توانەوە و بازرگانیی و چینایەتیی

زۆربەی خوێندنگا ناحکومییەکان بەرپرسی حزبیی یان کەسانی دەستڕۆشتوویان لە پشتەوەیە، هەربۆیە لە کاتی کردنەوەیان ئاسانکاریی زۆریان بۆ کراوە و لە کاتی پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەشدا چاوپۆشییان لێ کراوە.

هەندێکیان ناوی نێودەوڵەتییان لە خۆیان ناوە بەبێ ئەوەی ناوەڕۆک و سیستمی نێودەوڵەتیی پەیڕەو بکەن، هەروەها بەشێک لەو ناوەندانە پابەند نین بە خوێندنی وانەی کوردیی، کە لە ڕێنماییەکانی ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠٢٠-ی تایبەت بە خوێندگا و پەیمانگا ناحکومییەکان-دا کراوە بە مەرج بەسەریانەوە.

جگە لە سەدان مامۆستای بیانی کە بە زمانە جیاوازەکان لە ناو خوێندنگە ناحکومییەکاندا وانە دەڵێنەوە و لەگەڵ خۆیاندا کەلتوور و زمانی وڵاتەکەیان هێناوە و وەک ژەهر دەیڕژێنە زیهنی منداڵانی کورد و لە زمان و کەلتوور و مێژووی خۆیان دایاندەبڕن و ڕیشەکێشیان دەکەن، هەروەک نموونەی ئەو باوکەی کاتێک بۆ منداڵەکەی کە خوێندکاری ناحکومییە قسە دەکات و لە وەڵامدا منداڵەکەی پێی دەڵێت “وەت” یان ئەو دایکەی لە پاش ناردنی منداڵەکەی بۆ خوێندنگەی ناحکومیی چیتر لە زمانی تێناگات.

پەروەردەیەکی پەککەوتووی کنەفت!

ئێستا ئەم چرکەساتەی کە لەبارەی سیستەمی پەروەردە و خوێندنەوە لە هەرێمی کوردستان دەدوێین، نزیکەی ٧٠ ڕۆژە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ بەهۆی دانەمەزراندنیان و وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان و دابەشنەکردنی مووچەی سێ مانگیان لەلایەن حکومەتەوە بایکۆتی دەوامیان کردووە و هەموو ڕۆژێک لەسەر شەقامن، هەزاران خوێندکار بێبەشن لە خوێندن و حکومەتی هەرێمیش نە بای دیوە نە بۆران!

با بزانین لە سێ دەیەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕەوشی پەروەردە و خوێندنیان بە کوێ گەیاندووە؟

– بەهۆی سیاسەتی چەوتی دەسەڵات و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی سیستمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان و جەنگەوە، نزیكەی ١٠٠ هەزار خوێندکار لە پۆلی ١ تا ٩ـی بنەڕەتی وازیان لە خوێندن هێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری سست و لاوازبوون، هەر بۆیە ئێستا ڕێژەی نەخوێندەواری دەگاتە لە ٪١٥.

– زیاتر لە شەش هەزار و ٧٠٠ خوێندنگا هەن، بەڵام تا ئێستا کەرتی پەروەردە کێشەی کەمی بینای خوێندنی هەیە و زیاتر لە پێنج هەزار خوێندنگای حکومی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، هەروەها ١٨٩ خوێندنگایان لە بینای کرێدان! هەزار و ٥٢٤ خوێندنگای تریان لە بینای دامەزراوەکانی حکومەتدا وەک میوان جێگەیان کراوەتەوە، زیاتر لە دوو هەزار خوێندگا دوو دەوامیان تێدا دەکرێت، نزیکەی ٢٠٠ خوێندگاش سێ دەوامیان تێدا دەکرێت.

سەرئەنجام لە پاش ٣١ ساڵ بەردەوامی، سیستەمی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی کوردستان، لەبری پێشکەوتن بەرەو دواوە ڕۆشتووە و ئامارەکان و دۆخی ئێستای، تەنها دەلالەت لە ئیفلاسکردن و شکستێکی گەورە دەکەن، کە ئەنجامی سیاسەت و حکومڕانییەکی گەندەڵکارانە و چەوتە و لە کابینەکەی مەسروور بارزانیدا ئەم شکست و گەندەڵییانە گەیشتە چڵەپۆپە، بەپێی هەموو ئاماژەکانیش پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەهۆی خەمساردی و بێباکی حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی مەسروور بارزانییەوە ئیفلیج دەبێت و پەک دەخرێت.

لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەوتنی زانست و پەروەردە و خوێندن

بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستانەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی ١١ ساڵدا سیستەمی پەروەردە و خوێندن پێشکەوتن و سەرکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش لەنێو دۆخی شەڕ و داگیرکاریی و ئابڵوقەیەکی دژواردا، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕەنگێکی دیموکراسییانە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن بەڕێوەدەچێت، بۆ هەر خوێندکارێک کە لە هەر نەتەوەیەکی جیاوازبێت، لە پاڵ دەستەبەرکردنی خوێندن بە زمانی دایکی، ماف و هەبوون و دۆزی نەتەوەکەشی پارێزراوە، واتا هەر خوێندکارێک بە زمانی دایکی دەخوێنێت و دەدوێت.

گەشەسەندن و سەرکەوتنە خێراکانی ڕۆژئاوای کوردستان

لە ماوەی ١١ ساڵدا چوار هەزار و ١٣٠ خوێندنگا کراونەتەوە، وێڕای شەڕ و داگیرکاریی بەردەوام بۆ سەر خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەو بەشەی کوردستان، زیاتر لە ٨٦٠ هەزار خوێندکار دەخوێنن و ٤٣ هەزار مامۆستا بە خۆشەویستی و دڵسۆزییەوە وانە دەڵێنەوە، لە خوێندنگاکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە پۆلی یەکی بنەڕەتییەوە تا پۆلی ١٢ـی ئامادەیی دەخوێندرێت و دواتر هەر لە زانکۆی خۆیان بەردەوامی بە خوێندن دەدەن.

زانکۆی سەرەکیی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری  قامیشلۆیە، بەڵام بەشی لە ڕومێلان و حەسەکەش هەیە، لەگەڵ زانکۆی کۆبانێ و جزیرە، کۆلێژەکانی بریتین لە: ئەندازیاریی کشتوکاڵ، هونەرە جوانەکان، ئەدەبیاتی کوردی، ژنۆلۆژی، ئەندازیاریی نەوت، ئەندازیاریی پترۆکیمیایی، پەروەردە.

هەروەها حەوت بەشیش لەخۆ دەگرێت ئەوانیش بریتین لە: مێژوو، جوگرافیا، مامۆستای پۆل، بیرکاری، فیزیا، کیمیا، سرووشتناسی، دارایی و کارگێڕیی، لە پاش تەواوکردنی زانکۆش، دەرچووان لە بوارەکەی خۆیاندا لە ناو خۆبەڕێوەبەرییدا دەستبەکار دەبن و دادەمەزرێن.

ڕۆژی ١٠ـی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، یەکەم ڕۆژی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەستی پێ کرد، دەرگای ناوەندەکانی خوێندن لە ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا بە ڕووی خوێندکاراندا کرایەوە و ٨٦٣ ھەزار و ٣٨٨ خوێندکار پەیوەندییان بە ناوەندەکانی خوێندنەوە کرد و لە چوار ھەزار و ١٣٠ خوێندنگەی گوند و شارەدێ و شارۆچکە و شارە جیاوازەکان دەخوێنن.

وێڕای هێرش و بۆردوومانە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەریان، کە هەندێک جار خوێندنگاکانیش دەکەنە ئامانج، لە ڕۆژئاوای کوردستان بەبێ ڕاوەستان، ڕۆژانە دەنگی هەزاران منداڵ لە حەوشەی خوێندنگاکان دەبیسترێت، کە سروودی نیشتمانی “ئەی ڕەقیب” دەڵێنەوە.

ب.گ

Comments are closed.