قەتەر: ڕێككەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەكان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس نزیكە

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆك وەزیرانی قەتەر، كە لە هەمان كاتدا وەزیری دەرەوەى ئەو وڵاتەشە ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی دانوستانەكاندا بۆ هێوركردنەوەی دۆخی غەزە ڕێككەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەكان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس نزیكە، داوای لە ئیسرائیلیش كرد، كۆمەڵكوژییەكانی لە غەزە ڕابگرێت.

شێخ محەمەد بن عەبدول ڕەحمان ئال سانی لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا بۆ ڕۆژنامەنووسان دەدوێت.

شێخ محەمەد بن عەبدول ڕەحمان ئال سانی ڕایگەیاند، لەبەر بێ هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سنوورداركردنی دەستدرێژیی ئیسرائیل، هێشتا كارەساتی مرۆیی لە كەرتی غەزە بەردەوامە.

باسیلەوەشکرد، لە چوارچێوەی دانوستانەكاندا بۆ هێوركردنەوەی دۆخی غەزە ڕێككەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەكان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس نزیكە.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو كۆمەڵكوژییانەی لە غەزە ئەنجامدراون سەلمێنەری ئەوەیە ئیسرائیل ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەكان ناگرێت، ئەوەی لە نەخۆشخانەی پزیشكی شیفا ڕوویدا تاوانە، بەداخەوە دەنگی ئیدانەكردنمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە نەبیستووە.

وەزیری دەرەوەی قەتەر دەشڵێت، داوا لە ئیسرائیل دەكەین، پابەند بێت بە بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش و شەڕەكان ڕابگرێت، هەروەها ڕێڕەوێك بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ دانیشتووانی غەزە بكاتەوە، چونكە خەڵکی غەزە بە دەست برسێتی و نەبوونی ئاوی پاك و كارەبا و سووتەمەنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانەوە دەناڵێنن.

هـ.ئ

Comments are closed.