سوودانی دەستلەکارکێشانەوەی سێ وەزیرەکەى سوونەی ڕەتکردەوە

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرانی پلاندانان، پیشەسازی و ڕۆشنبیری ڕەتکردەوە، کە لەدوای دوورخستنەوەی حەلبوسی لە پۆستەکەی پێشکەشیان کردبوو.

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، وەک دووپاتکردنەوەیەک لەسەر کارنامەی حکومەت بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی سیاسی بۆ هەموو ڕۆڵەکانی گەل بە پێکهاتە و هێزە سیاسییەکانیانەوە و هاوتا لەگەڵ پابەندبوونەکانی حکومەت لە پشتیوانیکردن و بەردەوامیدان بە سەقامگیری سیاسی بەشێوەیەک کاریگەری لەسەر یەکگرتووی کۆمەڵگا نەبێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرانی پلاندانان، پیشەسازی و ڕۆشنبیری ڕەتکردەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ئەو بڕیارەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەرسێ وەزیران دەست دەکەنەوە بە کارە جێبەجێکارییەکانیان بۆ خزمەتکردنی ڕۆڵەکانی گەل.

ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەم، دادگای فیدڕاڵی عێراق، ئەندامیەتی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتار لەیس دلێمی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوەشاندەوە و وەک کاردانەوەیەکیش بەرامبەر ئەو بڕیارەی دادگا هەریەکە وەزیرانی پلاندانان، پیشەسازی و ڕۆشنبیری داوای دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد.

هـ.ح

Comments are closed.