“بە بەرەنگاربوونەوەی پەرلەمانتاران دەیانەوێت درێژە بە گۆشەگیریی بدەن”

ناوەندی هەواڵەکان

کۆمیسیۆنی ناوەندی زیندانەکانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ – ئیهەدە ڕایگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی پەرلەمانتاران و ئەو کەسانەی بەرامبەر گۆشەگیریی دەوەستنەوە، دەریدەخات دەیانەوێت درێژە بە گۆشەگیریی بدەن، دەشڵێت: بەرەنگاربوونەوەی مرۆڤەکان، بە شێوەیەکی پراکتیکی، بەتاڵکردنەوەی مافی ڕێپێوان و خۆپیشاندان و کۆبوونەوەیە.

کۆمیسیۆنی ناوەندی زیندانەکانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە)، پەیوەست بەو پێشێلکاریانەی لەکاتی ڕێپێوانی ئازادی گەملیک ڕوویاندا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: وەک چەندین جار ڕامانگەیاندووە، گۆشەگیری و دابڕین شێوازی جیاوازن بۆ ئەشکەنجەدان لە زیندانەکاندا، بە تایبەتی ڕێوشوێنی گۆشەگیری لە زیندانی ئیمراڵی کە پەیوەندییەکان بە تەواوی پچڕاوە، لە زۆرێک لە زیندانەکانی تورکیا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکانی ئاسایشی باڵا و جۆریS کە لەم دواییانەدا دامەزراون، ڕوونترین نیشانەی بڵاوبوونەوەی شێوازەکانی گۆشەگیرییە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، گۆشەگیریی لە ئیمراڵی دەبێتە هۆی پێشێلکردنی قەدەغەکردنی کردەوەی خراپ و ئەشکەنجەدان، هەروەها دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک.

ئیهەدە جەختیشیکردەوە، بەرەنگاربوونەوەی پەرلەمانتاران و ئەو کەسانەی بەرامبەر گۆشەگیری دەوەستنەوە، دەریدەخات دەیانەوێت درێژە بە گۆشەگیریی بدەن، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی مرۆڤەکان، بە شێوەیەکی پراکتیکی، بەتاڵکردنەوەی مافی ڕێپێوان و خۆپیشاندان و کۆبوونەوەیە.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئیهەدە باسی لەوە کردوە، لەم کاتەدا کە بەکارهێنانی مافەکان بووەتە ڕەوشێکی ئاوارتە، وەک پارێزەرانی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە دەستبەجێ کردەوەکانی گۆشەگیری کۆتایی بێت، زیندانیان لەنێو زیندانی ئیمرالی بتوانن لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکانیان کۆببنەوە.

لە کۆتاییدا ئیهەدە دەشڵێت: بانگەواز لە بەرپرسان دەکەین کە بەپێی یاسا نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان مامەڵە بکەن و بەرەنگاری ئەو کەسانە نەبنەوە کە دژی گۆشەگیری دەوەستنەوە، دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن و لێپرسینەوە لە بەرپرس و کارمەندی حکومی بکەن.

هـ.ح

Comments are closed.