بڕوا ئەسعەد
بۆ دووەم ڕۆژ فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە کەرکووک بەڕێوەچوو کە زیاتر لە شانۆیەک نمایشکران، کە چەند شانۆییەکیان تایبەت بوون بە منداڵان.
لە دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵی نێودەڵەتی شانۆی سەرشەقام لە کەرکووک، دوای نیوەڕۆ گەڕی دووەمی شانۆکان دەستی پێکردەوە، کە زیاتر لە ١٠ نمایش بە ئامادەبوونی بینەرێکی بەرچاو لە شوێنە گشتییەکان نمایشکران.
گەڕی دووەمی شانۆکانی دوای نیوەڕۆ لە بازاڕی بولیڤارد بریتیبوون لە شانۆی نامەکانی دەریا لە کۆیە، کە تایبەت بوو بە ژینگە، شانۆی باڵەخانەی ژمارە چوار لە سلێمانیەوە بەشداربوون باسی کێشەی هاوسەرانی دەکرد.
شانۆی ژیانی من، لە بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشداربوون باسی ئازارەکانی ژن لە جیهانی سیستەمی سەرمایەداری دەکرد، شانۆگەری له بەشی مناڵان به ناوی قەڵەم و ١٢ هۆکار، باسی پەرەوەردەکردنی منداڵان لە بارەی نیشتیمانەوە دەکرد.
ئۆلیڤەری چلمەن شانۆی کەرکووک کە باسی لەو منداڵانە دەکرد لە سەر شەقامەکان کار دەکەن و لە لایەن باندە بازرگانیەکانەوە بەکار دەهێندرێن، ئەفسوونەکەی کاتی و کالی لە هەڵەبجەوە لە بەشی شانۆی منداڵان بەشداربوون کە ڕێنمایی مناڵانی دەکرد لە خواردنە خێراکان و یاریە ئەلکترۆنیەکان دوور بکەونەوە.
بەشێکی دیکەی نمایشەکان لە بازاڕی مۆڵ ئۆف کەرکووک بەڕێوە چوو، ئەو شانۆگەریانەی لەوێ نمایشکران بریتیوون لە مایم و پاگانینی لە تارانەوە شانۆی بێدەنگ بە هاوکاری جوڵەی جەستەو موزیک، شانۆی خش خش هاتم لە بەشی منداڵان لە شاری قیروەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە.
شانۆگەری رسائل بەرهەمی کەربەلا باسی لەو هاوڵاتیانە دەکرد دەبنە قوربانی جەنگ و داگیرکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شانۆگەری ماڵێکی پڕ لە کێشە لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشداربوون.
بڕیارە سبەی سێیەم و کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵ بەڕێوە بچێت، بە چەند نمایشێکی دیکە، هەروەها خەڵات بەسەر گروپ و ئەکتەرە سەرکەوتووەکان دابەش دەکرێت.
هـ.ح
Comments are closed.