ناوەندی هەواڵەكان
سەرۆكی بزووتنەوەی چەكداری حەماس لە وەڵامی داواكارییەكەی قەتەر بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەكان و ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە گەیشتن بە ڕێككەوتن و ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل نزیكبوونەتەوە.
ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی بزووتنەوەی حەماس لەبارەی ڕێككەوتن و ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە گەیشتن بە ڕێككەوتن و ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل نزیكبوونەتەوە، ئێمە وەڵامی خۆمان لەو بارەیەوە بە قەتەر گەیاندووە، كە نێوەندگیری لە گفتوگۆكان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبووە.
عیزەت ڕشق بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە ڕایگەیاند، بەپێی ڕێككەوتنەکە چاوەڕوانكراوە، لە بەرامبەر ئازادكردنی منداڵ و ژنانی فەڵەستینی لە زیندانەكانی ئیسرائیل، ژنان و منداڵانی ئیسرائیلیش ئازاد دەكرێن.
دەشڵێت، سەبارەت بە ئاگربەستی كاتیی دانوستانەكان بەردەوامن سەبارەت بە ماوەی ڕێككەوتنەكە و ئەو هاوكاریانەی كە بڕیارە بگەیەنرێنە غەزە، هەروەها وردەكارییەكانی ڕێككەوتنەكە لەلایەن بەرپرسانی قەتەرەوە ڕادەگەیەنرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، سەرۆك وەزیرانی قەتەر، كە لە هەمان كاتدا وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەشە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی دانوستانەكاندا بۆ هێوركردنەوەی دۆخی غەزە ڕێككەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەكان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس نزیكە، داوای لە ئیسرائیلیش كرد، كۆمەڵكوژییەكانی لە غەزە ڕابگرێت.
جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستا حكومەتی ئیسرائیل هیچ لێدوانێكی لەبارەی گرێبەستەکەوە نەداوە.
هـ.ئ
Comments are closed.