ئەمریكا هێرشی كردە سەر بارهەڵگرێكی گرووپە چەكدارەكان لە عێراق

ناوەندی هەواڵەكان

سەرچاوەیەكی ئەمنی ڕایگەیاند، لە وەڵامی بۆردوومانی بنكەی عەین ئەسەد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریكا بارهەڵگرێكی سەر بە هێزە چەكدارەكانی كردووەتە ئامانج، كە لە بەغداوە بەرەو پارێزگای ئەنبار و لەوێشەوە بەرەو سووریا دەڕۆیشت، بەهۆی هێرشەكەوە بارهەڵگرەكە بە تەواوی لە ناوچووە.

میدیا عێراقییەكان لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە هەواڵی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر گرووپە چەكدارەكانی لە عێراق بڵاوكردووەتەوە.

ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە، ماوەی چەند هەفتەیەكە بنكەكانی عەین ئەسەد و تەنەف لە پارێزگاری ئەنبار و سووریا لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران دەكرێتە ئامانج و بۆردوومان دەكرێت، بەشێكی زۆری ئەو شوێنانە لەلایەن گرووپە چەكدارەكان كۆنتڕۆڵ كراوە.

بەرپرسێكی سەربازیی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا لە پارێزگای ئەنبار بە “عەرەبی جەدید”ی ڕاگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریكا بارهەڵگرێكی سەر بە گرووپی حزبوڵای كردە ئامانج كە لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی بەغدا بۆ ئەنبار بووە، كە بارهەڵگرەكە بەرەو سنووری سووریا دەڕۆشت.

ئەفسەرێكی پۆلیس لە ناوچەی ئەبوغرێب دەڵێت: ئەو ڕووداوەی كە لە دەوروبەری كاتژمێر ٥:٠٠ بەیانی ئەمڕۆ ڕوویداوە و بارهەڵگرەكەی بە تەواوی تێكشكاندووە، هەروەها هێزەكانی بەرگریش بەهۆی بوونی بۆردوومانی بارهەڵگرەكەوە نەیانتوانیوە لێی نزیكببنەوە، چونكە مەترسی تەقینەوەی تەقەمەنییەكانی ناو بارهەڵگرەكەوە هەبوو.

هـ.ئ

Comments are closed.