ڕێبەر ئۆجالان: بە تیرۆر ناساندنی پەکەکە گەلەکۆمەیەکی هەمەلایەنەیە

ناوەندى هەواڵەکان

ڕێبەری گەلی کورد لەبارەی بە “تیرۆریست” ناساندی پەکەکەوە دەڵێت، ئامانج لەو هەنگاوە قووڵکردنەوەی شەڕ و چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد بوو بە شێوەیەکی دیموکراسییانە، دەشڵێت: لەبەر ئەوەی ئێمە سازشمان لەسەر مەبادیئەکانی خۆمان نەکرد و وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماینەوە، بۆیە خراینە لیستی تیرۆرەوە.

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە پارێزنامەکانی ئیمراڵییدا بە وردیی باس لە پرۆسەی بە “تیرۆریست” ناساندنی پەکەکە دەکات لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە، ئەو باس لەوە دەکات، ئەمریکا و بەریتانیا فشاری زۆریان لە یەکێتیی ئەوروپا دەکرد بۆ ئەوەی پەکەکە بخاتە لیستی تیرۆرەوە، یەکێتی ئەوروپاش وەک ئامادەکارییەک بۆ گەلەکۆمەیەکی هەمەلایەن پەکەکەی بە “تیرۆریست” ناساند.

بەشێک لە هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ بە “تیرۆریست” ناساندنی پەکەکە؛

ستراتیژی فەرمیی دەوڵەتی تورک ئەوەیە بەرخۆدانی کورد بە تەواویی وەک “تیرۆر” بناسرێت و ئەوەش لەلایەن هەموو دەوڵەتانی جیهانەوە دانی پێدابنرێت، لەو چوارچێوەیەشدا هەموو تواناکانیان تەرخان کرد بۆ ئەوەی پەکەکە لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا وەک “تیرۆریست” بناسێندرێت، هیچ شتێک نەما پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپای نەکات بۆ ئەو ئامانجە، لە کوێ کۆمیتەیەکی پەکەکە هەبووایە سیاسەتەکانی ئاڕاستەی ئەو ناوچەیە دەکرد.

جاری یەکەم ئەڵمانیا پەکەکەی خستە لیستی تیرۆر

ساڵی ١٩٨٥ گلادیۆ “دەوڵەتی قووڵ”ی ناتۆ کە ناوەندەکەی ئەڵمانیا بوو دژی پەکەکە کەوتە جموجوڵ، دەبێت ئەوەمان بیرنەچێت یەکەم جار ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٨٥دا پەکەکەی وەک “تیرۆریست” ناساند، دوای ئەڵمانیاش ئەمریکا و بەریتانیا لە ساڵی ١٩٩٠ پەکەکەیان وەک “تیرۆریست” لە قەڵەمدا.

پەدەکەش بەشداریی پێکرا لە پیلانی گلادیۆ دژی پەکەکە

ئەڵمانیا و لقەکانی گلادیۆ لە تورکیا و هێزی ناوخۆیی تورکیا، پەدەکەشیان بردە لای خۆیان و لە چوارچێوەی پیلانگێڕییەکدا هێرشەکانیان چڕتر کردەوە، دیداری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لە ڕێگەی پەدەکە و بارزانییەوە لەگەڵ من ساز کرد بۆ ئەوەی ئێمە بە خواستی خۆمان دەست لە تێکۆشان بەردەین.

پێشنیازی دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە نوێکردنەوەی بڕیاری هەژموونگەرایی سەرمایەداریی بوو، کە ساڵی ١٩٢٠ لە کۆنفرانسی قاهیرە دەربارەی کورد دەرکرابوو، بە گوێرەی ئەو بڕیارەش دەبێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر دەستی هەژموونگەراییدا ڕابگیرێت، کێشەی کوردیش بە چارەسەرنەکراوی درێژەی پێ بدرێت بۆ ئەوەی بەردەوام کێشە هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە لە کوردستان جێبەجێ ببێت، ڕۆڵیان بەخشییە پەدەکە و بارزانی، لەو چوارچێوەیەشدا دەتوانین لە هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل، تورکیا، پەدەکە و ناتۆ لە ساڵی ١٩٨٥ بۆ سەر پەکەکە تێبگەین، لەپشت ئەو هێرشەوە بڕیارێکی مێژوویی و بەرژەوەندیی هەبوون.

ئامانج لە خستنە لیستی ‘تیرۆری’ پەکەکە چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد بوو

وەک ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی گەلەکۆمە یەکێتی ئەوروپا پەکەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە، بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارەش کاتێکی زۆری ویست، چونکە هەندێک وڵاتی ئەوروپا ڕازی نەدەبوون بەو بڕیارە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا پشیتوانیی بەهێزی ئەو بڕیارەیان دەکرد، فشاریان لەسەر یەکێتی ئەوروپا زیاد کرد بۆ ئەوەی پەکەکە وەک ڕێکخستنێکی تیرۆریستی بناسێنێت.

لەبەر ئەوەی ئێمە سازشمان لەسەر مەبادیئەکانی خۆمان نەکرد و وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماینەوە، بۆیە پەکەکە خرایە لیستی تیرۆرەوە، ئامانجەکەشی ئەوەبوو کێشەی کورد بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕیی، دیموکراسیی و سۆسیالیستیی چارەسەر نەکرێت.

ش.ف

Comments are closed.