ناوەندی هەواڵەكان
پەدەكە و یەنەكە لەسەر بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە كاتی خۆیدا یەكترییان تۆمەتبار دەكرد، بەرپرسێکی یەنەکە دەڵێت: دواخستنی هەڵبژاردن خزمەت بە هیچ لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستان ناكات، جگە لە پەدەكە، كە دەیەوێت دەستكەوتەكانی بپارێزێت.
هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی پێشوو، كە بە فەرمانی سەرۆکی هەرێم دیاری كرابوون بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم شكستیان هێنا، لەبەر چەندین هۆكار، دیارترینیان یاسای هەڵبژاردن بوو، كە ببووە جێی ناكۆكی و مشتومڕی گەورە لە نێوان پەدەكە و یەنەكە، لە گەرمەی ئەم ململانێیانەدا، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەرێم و پووچەڵكردنەوەی سەرجەم بڕیارەكانی دا.
پەدەكە یەكێك بوو لەو لایەنە دیارانەی هەوڵیدا ڕێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بكات، بەهۆی پابەندبوونی بە یاسای كۆنی هەڵبژاردنەوە، كە ڕێگەی پێ دەدات ١١ كورسی كەمینەكان بۆ خۆی كۆنتڕۆڵ بكات، ئەمە جگە لە پەسەندكردنی سیستەمی یەك بازنەیی، پێچەوانەی داوای یەنەكە بوو، كە هەوڵیدا كەمینەكان جیا بكەنەوە لە پەدەكە، هەروەها كەمینەكان ئازادن بن لە دەنگدان و ملكەچی هیچ لایەنێكی سیاسی نەبن.

غەیاس سوورچی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی یەنەكە لە موسڵ بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی هەرێم لە لایەن كۆمسیۆن لە بەغداوە دەكەین، ئەمەش یەكێك بوو لەو پێشنیارانەی كە لەلایەن ئێمەوە پێشكەش كرابوو، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم و ڕێگریكردن لە دەستكاریكردنی ئەنجامەكان، دەستەبەركردنی پڕۆسەیەك بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە.
ئاماژەی بەوەش كرد، دواخستنی هەڵبژاردن خزمەت بە هیچ لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستان ناكات، جگە لە پەدەكە، كە دەیەوێت دەستكەوتەكانی بپارێزێت و ترسی ئەوەی هەیە دوای هەڵبژاردنەكان لەدەستیان بدات، كە لەوانەیە جیاوازییەكی بەرچاوی لەگەڵ پرۆسەكانی پێشووی هەڵبژاردن لە هەرێمدا هەبێت.
جەختیش دەكاتەوە، كاردەكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێم و ئامادەن بۆ هەڵبژاردن، هەروەها كاردەكەن بۆ ڕەتكردنەوەی هەر دواخستنێكی نوێی هەڵبژاردن بە هەر هۆكارێك بێت، چونكە هەرێم ناتوانێت بێ دەسەڵاتی یاسادانان بمێنێتەوە.
جێگەی سەرنجە، بەهۆی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان، دوو ساڵ لەمەوبەر هەرێم چووە بۆشایی دەستوورەوە، لەم دواییانەدا لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی و بە دەستێوەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەستییان بە چارەسەركردنی كێشەكان كرد، دواتر كۆبوونەوە لە نێوان سەركردەكانی پەدەكە و یەنەكە بەڕێوەچوو.
لەم دواییانەدا هەردوو حزب لە كۆدەنگییەك نزیك بوونەتەوە لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دیاریكردنی ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن بە تایبەتی كورسییەكانی كۆتاكان، كە بڕیار بوو پەرلەمانی هەرێم دەنگ لەسەر هەمواركردنەكان بدات پێش ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیارەكە دەربكات.
بڕیارە هەڵبژاردنەكەش مانگی شوباتی ٢٠٢٤ لەژێر چاودێری حكومەت و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی فیدراڵیدا ئەنجام بدرێت، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەمەش سێیەم وادەی دیاریكراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەنەكە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەگەر كێشەكانی نێوان یەنەكەو پەدەكە قوڵتربێتەوە پەدەكە زیاتر زەرەر دەكات، چونكە غازی سروشتی لە سلێمانییە، بۆیە كشانەوەی ئێمە لە حكومەتی هەرێم زیانی بۆ پەدەكە هەیە نەك بۆ ئێمە.
هـ.ئ
Comments are closed.