چوارچێوەی هەماهەنگی دیارترین ناوەكان بۆ جێگرتنەوەی حەلبووسی ئاشكرا دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، دوای لەكار لابردنی محەمەد حەلبووسی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و بە تۆمەتی ساختەكاری، دیارترین ناوەكان كە لە پێكهاتەی سوننە كاندیدكراون بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان مەحمود مەشهەدانی و خالد عوبەیدی و تەڵاڵ زوبەیعییە.

محەمەد سەیهود، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی دیارترین ناوەكانی بۆ جێگرتنەوەی محەممەد حەلبووسی بۆ میدیای فەرمی عێراق دەدوێت.

محەممەد سەیهود ڕایگەیاند، پەرلەمانی عێراق بەرپرسیارە لە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی بۆ شوێنگرتنەوەی محەممەد حەلبوسی، بەڵام ئەم بابەتە بە پلەی یەكەم پەیوەندی بە پێكهاتەی سوننەیەوە هەیە، دەشڵێت: پێكهاتەی سوننە بەرپرسیارە لە پێشكەشكردنی كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، قسەی كۆتاییش بۆ پەرلەمان دەبێت، چونكە ئەو دەنگ لەسەر كەسێك بۆ ئەم پۆستە دەدات.

ئاماژەی بەوەش كرد، پێكهاتەی سوننە زیاتر لە كاندیدێك بۆ ئەو پۆستەی كە پێشتر باسی کردووە، لەوانە مەحمود مەشهەدانییە، كە چانسی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە زۆرە، هەروەها پێشبینی دەكرێت، حزبی تەقەدوم هەریەك لە تەڵاڵ زوبەیعی و خالد عوبەیدیش كاندید بكات، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك پەرلەمان.

ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی سەرۆك پەرلەمانی عێراق بە تۆمەتی ساختەكردن و گەندەڵی، حەلبووسی جگە لە سەرۆكی پەرلەمان، لە هەمان كاتدا سەرۆكی حزبی تەقەدووم و هاوپەیمانی سیادەیە، لە ساڵی ٢٠١٨وە لە پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەماندایە.

هـ.ئ

Comments are closed.