ناوەندی هەواڵەكان
دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بە تۆمەتی ساختەكاری محەمەد حەلبووسی لە پۆستەكەی دوورخستەوە، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق فەرمانی كۆتایی هێنان بە ئەندامێتی حەلبووسی دەركرد.
بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی فەرمانی كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی حەلبووسی نووسراوێكی بڵاو كردەوە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری ژمارە 9ی فیدراڵی/ 2023 بۆ دوورخستنەوەی محەمەد ڕێكان حەلبووسی بە تۆمەتی ساختەكاری لە پۆستەكەی دەركرد، پەرلەمانی عێراقیش لە سەر بنەمای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ بە شێوەیەكی فەرمی كۆتایی هێنا بە ئەندامێتی حەلبووسی.
هەر دوێنێ پەرلەمانی عێراق نووسراوێكی فەرمی ئاراستە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد، سەبارەت بە هەڵبژاردنی جێگرەوەیەك بۆ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمان.
ئاماژە بەوەش كراوە، بە پشتبەستن بە مادەی (١٥) لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠ تكایە ئاگادارمان بكەنەوە، لە ناوی ئەو كاندیدەی لە ئەنبار زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، لە نێوان كاندیدە دەرنەچووەكان بۆ ئەوەی وەك ئەندامی پەرلەمان بخرێتە شوێنی محەمەد حەلبووسی.
١٤ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراقی دەركرد، كە تۆمەتبار بوو بە ساختەكردنی وادەی دەست لەكار كێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی.
هـ.ئ
Comments are closed.