ناوەندی هەواڵەكان
بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی ئایندە، مامۆستایانی ناڕازی بچینە شاری بەغدا و خۆپیشاندان بكەن بە مەبەستى پێدانى شایستە داراییەکانیان.
ماوەی دوو مانگە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لە بەشێكی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، تا ئێستا حکومەتی هەرێمی ماوە بەسەرچووی كوردستان هیچ وەڵامێكی ئەرێنی نەداونەتەوە سەبارەت بە داواكارییەكانیان.
دڵشاد میرانی ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی ئایندە ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی ناڕازیی بچینە بەغدا و داواكارییەكانمان لەوێ بەرزبكەینەوە.
ئاماژەى بەوەش کرد، بە “٥٠” پاس دەچنە بەغدا و لە گۆڕەپانی تەحریر داواكارییەكایمان دەخەنە ڕوو کە فلێكس و درووشمەكانیان بە زمانی عەرەبی بەرزدەكەنەوە.
میرانی جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، ناچنە هیچ شوێنێكی فەرمی و هیچ كۆبوونەوەیەك لەگەڵ دام و دەزگاكانی حكوومەتی عێراق ناكەن.
ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی وتیشی، مامۆستایانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچكەی كۆیە بەشداری لەم خۆپیشاندانانە دەكەن و ژمارەیەك لە مامۆستایانی خانەقین و چەند ناوچەیەكی دیكە بەشداری دەكەن.
جێی ئاماژەیە، داواكاری مامۆستایانی ناڕازیی لە چەند خاڵێك خۆی دەبینێتەوە لەوانە “دابەشكردنی مووچە لە كاتی خۆیدا، شایستە داراییەكان، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكانیان”، لەگەڵ ئەمانەشدا سەرۆكایەتی حكومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم وەڵامی هیچ لە داواكارییەكانیانی نەداوەتەوە.
ب. هـ
Comments are closed.