بەشی پاراستن و مافەکانی منداڵان لە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ کرایەوە

هەولێر

ئەمڕۆ بەشی پاراستنی مافەکانی منداڵان لە دەستەى سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە هاوکاری رێکخراوی یونسێف بە ئامانجی پاراستنی مافەکانی مندڵان کرایەوە، لە کاتی هەبوونى پێشێلکاریی بەرامبەر بە منداڵان، لە ناوەندەکانی خوێندن و لە نێو چاکسازییەکان و دەرەوەی چاکسازییەکاندا دەتوانرێت پەیوەندى بەم بەشەوە بکرێت.

ئەمڕۆ بەشی پاراستنی مافەکانی منداڵان لەناو بیناى دەستەى سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە شارى هەولێر بە هاوکاری رێکخراوی یونسێف بە ئامانجی پاراستنی مافەکانی مندڵان کرایەوە.

لەو بارەوە، تاڤگە عومەر بەرێوەبەری گشتی مافی مرۆڤ لە دەستەى سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: لە ڕۆژی جارنامەی جیهانی مافەکانی منداڵاندا، بەشی  پاڕاستنی مافەکانی منداڵان لە دەستەکەمان کرایەوە، کە بریتیە لە بەشی چاودێری و بەدواداچوونی پێشێلکاریی بەرامبەر بە منداڵان، بە ئامانجی پاراستنى مافەکانی منداڵان.

وتیشی: گرنگى ئەم بەشە بریتییە لە چاودێریکردن و پاراستنی مافەکانی منداڵان، هەروەها بەدواداچوون و تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی منداڵان بە گشتی، ئەوەش لە ڕێگای دامەزراندنی هێڵی فریاگوزاریی بە ژمارە ١١٦ لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە مەبەستى پاراستنى مافەکانى منداڵان.

تاڤگە عومەر باسی لەوەش کرد: ئەم بەشە چاودێریی ئەو پێشێلکارییانە دەکات لە دامەزراوەکانی جێبەجێکاری یاسا لە وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردە و تەندوورستی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.

ئەوەشى خستە ڕوو، ئەم بەشە هەوڵدەدات بۆ باشترکردنی گەیاندنى سکاڵا لەسەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی منداڵان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.

ئـ.م

Comments are closed.