وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران: ١٢٧ ئاوارە گەڕێندرانەوە بۆ شنگال و سەڵاحەدین

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ ١٢٧ ئاوارە بە ڕازەمەندی خۆیان لە كامپەكانی سنووری سلێمانی و دهۆكەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان لە سنوورى شنگال و سەڵاحەدین گەڕێندرانەوە.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەبارەی گەڕاندنەوەی ژمارەیەك ئاوارە بۆ زێدی خۆیان لە شنگال و پارێزگای سەڵاحەدین ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی بەرنامەكانی حكومەت و وەزارەتەکەماندا بۆ نەهێشتنی ئاوارە و داخستنی كامپەكان، ئەمڕۆ ١٢٧ ئاوارە بە ڕازەمەندی خۆیان لە كامپەكانی سنووری سلێمانی و دهۆكەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان لە سنوورى شنگال و سەڵاحەدین گەڕێندرانەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، تیمە مەیدانییەكانی وەزارەتەکەمان هاوكاریی گەڕانەوەی خێزانەكان دەكەن، بەردەوام هاوكاریی فریاگوزاریی پێشكەش بە ئاوارەكان دەكرێت، جگە لەوەی هەموو ئاسانكاریی و پێداویستییەكانی ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین كراوە.

لە كۆتاییشدا ئەوە خراوەتە ڕوو، تیمەكانی وەزارەتەکەمان بەردەوامن لە تۆماركردنی ناوی ئەو خێزانە ئاوارانەی، كە دەیانەوێت بە شێوەیەكی خۆبەخشانە بگەڕێنەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.