بەهۆى ململانێی سیاسییەکانەوە ١٨٠ پڕۆژە لە هەڵەبجە ڕاگیراون

هەڵەبجە

سەرۆكی ڕێكخراوی هەڵوێست دەڵێت، بەهۆی ململانێی حزبەکانى دەسەڵاتەوە بەشێكی زۆری پرۆژەكانی هەڵەبجە بە تەواوی وەستێنراوە و شارەكە لە پەراوێزخستنی دەسەڵاتدا بە تەواوی خنكێنراوە، دەشڵێت، بەپێی ئامارەكان ١٩٨ پرۆژە لە شارەكە بە گوژمەی ٨٠ ملیار دینار ڕاگیراون.

ئەمڕۆ لە هۆڵی كتێبخانەی زانكۆی پارێزگای هەڵەبجە، ڕێكخراوی هەڵوێست بە هاوبەشی لایەنە حكومییەكان و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی،  گفتوگۆیەكی كراوەی ڕێكخست سەبارەت بە كێشەی كارگێڕیی و سستی بەڕێوەچونی پرۆژەكان لە سنوورەكەدا، ئەوەش بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی بەردەم پرۆژەكان لە شارەكەدا.

بڕیاربوو لە مانگی ڕابردوودا بەردی بناغەی پردی توەقووت دابنرێت لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە، بەڵام بەهۆی كێشەی نێوان سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت بەردی بناغەكە دانەنرا و كاركردن لە پرۆژەكەدا دەستی پێ نەكرد.

ڕێباز كەمال
ڕێباز كەمال

ڕێباز كەمال سەرۆكی ڕێكخراوی هەڵوێست بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی وتی: دوای ئەو قسانەی لەناو دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە لەسەر سستى پرۆژەكانی شارەكە هەیە، گفتوگۆیەكی كراوەمان ساز كرد، بۆ جێگری پارێزگار و ژمارەیەك چالاكوانان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر كێشەی پرۆژەكان بكەین، هۆكاری سستی بەڕێوەچوونەكە ڕوون بكەینەوە.

ڕوونیشی كردەوە: هەڵەبجە شارێكە نەك تەنها هیچی بۆ نەكراوە، بەڵكوو غەدری زۆر گەورەی لێ كراوە بە تایبەت لە بابەتی پرۆژەكاندا، بەشێكی سستییەكەش بۆ ململانێی سیاسییەكانی نێوان یەنەكە و پەدەكە دەگەڕێتەوە خزمەتگوزاریی و ئاستی خزمەتگوزارییان لە شارەكە پەكخستووە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: بەپێی ئامارەكان ١٩٨ پرۆژە لە شارەكە بە گوژمەی ٨٠ ملیار دینار ڕاگیراوە، هیچ كام لەو پرۆژانە كاریان تێدا نەكراوە، ئەو پارانەی بۆی خەرج كراوە بەشی ئەوە ناكات پرۆژەكانی پێ بخرێتەوە سەر ڕێچکە و كاركردن تێیاندا دەست پێ بكاتەوە.

سەروەت محەمەد
سەروەت محەمەد

لەلایەكی دیكەوە سەروەت محەمەد بەرپرسی بەشی پرۆژەكانی ڕێكخراوی هەڵوێست بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لەسەر ئاستی هەڵەبجە كۆمەڵێك كێشە و گرفت هەیە لە جێبەجێكردنی پرۆژەكاندا، دەكرێت لە ڕێگەی ئیدارەی خۆجێییەوە ڕوون بكرێتەوە بۆ هاوڵاتییان، ئێمەش دەمانەوێت ئەو داتاو زانیارییانە دێتە بەردەستمان بۆ هاوڵاتییانی ڕونبكەینەوە بۆ ئەوەی بزانن كێشەی جێبەجێنەكردنی پرۆژەكانی هەڵەبجە لە كوێدایە و هۆكارەكەی چییە.

وتیشی: بەشێكی جێبەجێنەكردنی پرۆژەكان سیاسین بەشێكی دیكەشیان ئیدارین، ململانێ‌ سیاسیەكان لەسەر ئاستی هەڵەبجە یەكلایی دەكرێتەوە، ململانێ ئیدارییەكانیش لەسەر ئاستی كوردستان، كێشەی نەبوونی نەختینە و پارە هەیە ئەوەش كێشەیەكی گەورەی بۆ هەڵەبجە درووست كردووە ناتوانرێت پرۆژەكان جێبەجێ بكرێن.

ب. هـ

Comments are closed.