ژنانی ئەوروپا بەراورد بە پیاوان ١٣٪  مووچەکانیان کەمترە

ناوەندی هەواڵەکان

لە ئەوروپا تا ئێستا داهاتی ژنان بە ڕێژەی ١٣٪ کەمترە بەراورد بە پیاوان، واتە بۆ هەر یەک یۆرۆیەک، کە پیاوان بەدەستی دەهێنن، ژن تەنها ٠,٨٧ یۆرۆ داهاتی هەیە.

جیاوازی ڕەگەزیی و بڕیاردان لەسەر ژنان بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە، لە هەموو جێیەکی جیهاندا بە ڕەنگ و شێوەیەکی جیاواز بوونی هەیە، لە یەکێتی ئەوروپاشدا جیا لە توندوتیژییە جەستەیی و دەروونییەکان، توندوتیژیی ئابووریی بە جیاکاریی مووچەی نێوان ژن و پیاودا خۆی نواندووە و بە قووڵی ڕیشەی داکوتیوە، تا ئەمڕۆش ئەو جیاوازییە بە ڕێژەی ١٣٪ بوونی هەیە و ژنان بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە.

ڤیرا یورۆڤا، جێگری سەرۆک بۆ بەها و شەفافیەت و هێلێنا دالی، کۆمیساری یەکسانی لە کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا ، ئاماژەیان بەوە کرد، کە مووچەی یەکسان بۆ هەمان کار یان کارێکی بەها یەکسان یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا و بەر لە ٧٠ ساڵ جێگیر کراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و زۆر بە هێواشیش کار بۆ جێبەجێکردنی دەکرێت، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی جیاکاریی ڕەگەزیی و ئەقڵییەتی چەقبەستووی دەسەڵاتی پیاوسالاریی تا ئێستاش بوونی هەیە و سەرجەم جومگەکانی ژیانی گرتووەتەوە.

جەختیشیان کردەوە، “هیچ کۆمپانیایەک نابێت مووچەی کەمتر بدات بە ژنان ئەگەر لێهاتوویی و هەوڵ و بەرپرسیارێتی و بارودۆخی کارکردنیان هاوشێوەی هاوکارە پیاوەکانیان بێت”.

ش. ئـ

Comments are closed.