سەرۆک هۆزەکانی شنگال پشتیوانی خۆیان بۆ کاندیدەکانى شنگال ڕادەگەیەنن

شنگال

سەرۆک هۆزەکانى شنگال بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگای موسڵ پشتگیری خۆیان لە کاندیدانی خۆبەرێوەبەری شنگال دەکەن و دەڵێن: ئەم ئیدارەیەى شنگال دەبێتە ئیدارەى هەموو خەڵکی شنگال، بۆیە هیوادارین هەموو خەڵکی شنگال دەنگی خۆیان بدەن بە کاندیدانی شنگال و دەنگ بدەن بە شنگالی خۆیان.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق ١٨ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت و بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە شنگال تا دێت گەرمتر دەبێت، گەلی شنگال و دەزگاو ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگە و کەسایەتییە دیارەکان ڕۆژ بە ڕۆژ پشتگیریی لە هەر چوار کاندیدەکەى بەڕێوەبەری شنگال دەکەن و داوای بەشدارییەکى بەهێز لە خەڵکی شنگالیش دەکەن.

ئەندامانى دەستەى هۆزەکانى شنگال متمانەى خۆیان دەدەنە کاندیدەکانى بەڕێوەبەری شنگال کە لەژێر ناوی هاوپەیمانی ” یەکێتی گەلانی نەینەوا” بەشداری هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگای موسڵ دەکەن، بۆ ئەوەش سەرۆک هۆزەکانى شنگال تیشک دەخەنە سەر ڕێککەوتن و یەکێتی هێز و لایەنە سیاسییەکانی شنگال، ئاماژە بەوە دەکەن سەرکەوتن لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ دەستەی شنگالییەکان بەهێزتر دەکات، بۆ ئەوەى بتوانرێن کێشەکانى ئیدارەى شنگال چارەسەر بکرێن و هەروەها هێزی ئیدارەى شنگال گەشتر بکرێت.

موراد نەمیر
موراد نەمیر

موراد نەمیر ئەندامی دەستەى هۆزەکانی بەڕێوەبەری شنگال کە هاوکات موختاری گوندی چەلێیە پشتگیری لە کاندیدەکانى بەڕێوەبەری شنگال دەکات  و بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەگەر کاندیدەکانى ئێمە سەرکەوتن بە دەست بهێنن و بچنە ئەنجوومەنى پارێزگای موسڵ کارەکانى ئێمە باشتر بەڕێوە دەچن، بۆ ئەوەى کارەکانى ئێمە بەفیڕۆ نەڕوات.

ئەندامی دەستەى هۆزەکانی بەڕێوەبەری شنگال داواش لە هەموو گەلی چیای شنگال دەکات دەنگی خۆیان بدەنە کاندیدەکانی خۆیان، دەشڵێت: ئەمڕۆ گەلی ئێمە لە شنگال زیاتر دەتوانن خزمەتى شارەکەی خۆیان بکەن، بەڵام گەلی ئێمە کە لەناو هەرێمی کوردستانن ناتوانن بە دڵی خۆیان دەنگی خۆیان بدەن.

دەخیل خوادێدا
دەخیل خوادێدا

دەخیل خوادێدا خەلەف یەکێک لە سەرۆک هۆزەکان داوا لە کۆمەڵگەی ئێزدیی دەکات بۆ بەهێزبوونی خۆیان پشتگیریی لە کاندیدەکانى شنگال بکەن و دەڵێت: ئەگەر کۆمەڵگەی ئێزدیی گوێی لە خۆی نەبێت و هەنگاو نەنێت ئەوا زەرەرێکی گەورە دەکات، دەبێت کۆمەڵگەى ئێمە بکەوێتە سەر پێی خۆی، پشتیوانی خۆیان بدەنە کاندیدەکانى بەڕێوەبەری شنگال.

وتیشی: ئێمە چوار کاندیدمان هەیە کە خزمەتى شنگالیان کردووە و دەکەن پێویستە هەمووان دەنگ بدەن بەو کاندیدانە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنى پەرلەمان گرنگترە بۆ ئێمە.

سەبری شەمۆ
سەبری شەمۆ

سەبری شەمۆ حەسۆ سەرۆک هۆزی شەرقیان تیشکی خستە سەر ڕێککەوتنی سیاسی گەلی شنگال وتی: بەم ڕێککەوتنە کە گەلی شنگال لە ناوخۆیدا کردوویەتى، ئیدارەی شنگال دەکاتە ئیدارەى هەموو شنگالییەکان، ئەم ڕێککەوتنە بۆ ئەوەیە کە ئەوانەی دڵیان بە شنگال دەسووتێ شنگال بەڕێوەبەرن نەک ئەوانەی شنگالیان خۆش ناوێت.

هـ.ح

Comments are closed.