لە سلێمانی کتێبێکی شەهید ناگیهان ئاکارسەل بڵاوکرایەوە

سلێمانی

ئەمڕۆ کتێبێکی شەهید ناگهان ئاکارسەل، بە ناونیشانی گەڕیدەی حەقیقەت، کە لە ١٠٠ وتار پێک دێت، خوێندنەوەی بۆ کرا و بڵاوکرایەوە.

ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، کتێبی گەڕیدەی حەقیقەت، لە نووسینی شەهید ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە زیلان، خوێندنەوەی بۆ کرا و بڵاوکراوەیەوە.

گەڕیدەی حەقیقەت، ناونیشانی کتێبەکەیە و لە ٤٠٠ لاپەڕە پێک دێت، کە ١٠٠ وتار لە خۆ دەگرێت، نووسەری کورد نەجیبە قەرەداغی لە تورکییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی سۆرانی.

کتێبەکە لەلایەن هەریەک لە شیرین تاهیر، ژنە نووسەر، هەروەها کنێر عەبدوڵا، نووسەر و چالاکوانی ژنان خوێندنەوەی بۆ کرا و لە سەرەتادا، شیرین تاهیر، باسی لە بیرکردنەوە و تێکۆشانی شەهید ناگیهان ئاکارسەل کرد و وتی: بیرکردنەوەی تەنیا پەیوەست نییە بە چەپێکی دیموکراسییانەوە، بەڵکوو لەگەڵ ڕێبازەکەی کە ئاپۆیی ژنۆلۆژییە ئاوێتەی یەکدی کردووە، ئەم ئاوێتە کردنەش هێزێکی بەخشیوە بە نووسینەکانی، کە دەتوانین لەم کتێبەدا سوودی لێ ببینین.

وتیشی: شەهید ناگیهان لە ناوەڕۆکدا دەیەوێت بگات بە ئامانجێک، ویستوویەتی کار لەسەر جیهان بینی هەموو ژنان بکات، تێکۆشانی ئەو تەنیا تێکۆشان نییە بۆ ژنی کورد بەڵکوو تێکۆشانە بۆ هەموو ژنانی جیهان و تەنانەت پیاوانیش.

کنێر عەبدوڵا

پاشان کنێر عەبدوڵا وتی: کاتێک مرۆڤ باوەڕی بە شتێک دەبێت و خەباتی بۆ دەکات، هەر تێکۆشانێک کە بە درێژایی قۆناغەکانی ژیانی کاری لەسەر دەکات، گرنگترین شت بۆ سەرکەوتنی ئەوەیە کە بە خۆشەویستیی و عەشقەوە بڕوانێتە تێکۆشان و خەباتەکەی، ناگیهان ئاکارسەلیش لە سەرەتای تەمەنییەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی بە عەشقەوە ڕوانیویەتییە کارەکانی.

لە کۆتاییدا، لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە، ڕێزلێنان بەخشرا بە هەریەک لە نووسەران شیرین تاهیر و کنێر عەبدوڵا، کتێبی گەڕیدەی حەقیقەتیش بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا.

ناگیهان ئاکارسەل، ناسراو بە زیلان، ژنە لێکۆڵەر نووسەر و ڕۆژنامەنووس، ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خێلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری کۆنیای تورکیا لەدایکبووە، تەواوی ژیانی تەرخان کرد بۆ تێکۆشان و خەباتی ژنان، ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بە پیلانگێڕیی میت لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی لە نزیک ماڵەکەی تیرۆر کرا.

ر.س

Comments are closed.