مامۆستایانی وانەبێژ هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پرۆسەی خوێندن ڕاگەیاند

سلێمانی

ئەمڕۆ لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، مامۆستایانی وانەبێژ پاش کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بە نوێنەرایەتی مامۆستایانی هەموو ناوچەکانی هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەبارەت بە بەردەوامیدان بە بایکۆت کردنی هۆڵەکانی خوێندن بڕیاری کۆتاییاندا، نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژیش لە هەرێم ڕایگەیاند، بەردەوامن لە بایکۆت و خۆپیشاندانی مەدەنییانەی مامۆستایان و لە ڕۆژانی داهاتووشدا، ئاراستەی خۆپیشاندانەکانیان بەرەو بەغدا دەگرنەبەر.

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بارەی درێژەدان بە بایکۆت و خۆپیشاندانەکانیان هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا کرد .

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیان کە لەبەردەم پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی ئەنجامیاندا و ڕایانگەیاند، مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامن لە بایکۆت و خۆپیشاندانی مەدەنییانەی خۆیان، لە ڕۆژانی داهاتووشدا ئاراستەی خۆپیشاندانەکانمان بەرەو بەغدا دەگرینەبەر و بڕیارمان داوە، درێژە بە بایکۆتی پرۆسەی خوێندن بدەین لە هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بە زۆرینەی دەنگی مامۆستایان بڕیار درا لە ڕۆژانی داهاتوو بە پاڵپشتی مامۆستایانی دامەزراو، ئاراستەی خۆپیشاندانەکانمان بەرەو بەغدا بگرینە بەر و هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش بایکۆت بەردەوامی دەبێت.

مامۆستایانی ناڕازیی دووپاتیان کردەوە، وەک نوێنەرانی مامۆستای وانەبێژ دوای ٦٨ ڕۆژ لە بایکۆتی پرۆسەی خوێندن، بڕیارماندا دوای بێئومێد بوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بگوازینەوە بۆ بەغدا.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم بایکۆتی پرۆسەی خوێندن هەڵببەستن، بەپێچەوانەوە پرۆسەی بایکۆت لێرە بەردەوام دەبێت و وەکوو نوێنەران و مامۆستایانی وانەبێژ، بۆ پشتگیری تەواوی مامۆستایانی دامەزراو لە هەفتەی داهاتوو پشتگیری و پشتیوان دەبین، خۆپیشاندانەکانیش دەبەینە بەغدا.

ر.س

Comments are closed.