نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە ئاماری نوێی نەخۆشخانەکەی ڕاگەیاند

ناوەندی هەواڵەکان

نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە لە شاری سلێمانی، ئاماری نوێی نەخۆشخانەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، سەرەڕای هەموو ئەو گرفتە داراییانەی کە هەیە، هێشتا توانراوە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی باڵادا بن.

بەرپرسانی نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە ئاماری نوێی ئەمڕۆی نەخۆشخانەکەیان بڵاو کردەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە کۆی هەزار و ١٧٠ نەخۆش کە سەردانیان کردوون، توانراوە ٢٥ حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمار بکرێت.

لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماری نوێی نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە بڵاوکرایەوە و ڕایانگەیاند، سەرەڕای هەموو ئەو گرفتە داراییانەی کە هەیە، بەڵام هێشتا توانراوە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی باڵادا بن، هیوادارین ئەم خزمەتانە بەردەوام بێت و پشتیوانی هەموو لایەک بێت، گرفتە داراییەکان نەبێتە هۆی لاوازبوونی خزمەتگوزارییەکانمان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە.

پەیوەست بە ‎ئامارەکانی ئەمڕۆ نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت، ٢٥ نەخۆشی تازە تۆمارکراون و هەزار و ١٧٠ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە، هەروەها چوار هەزار و ٣٢٠ پشکنینی تاقیگەی جۆراوجۆر بۆ نەخۆشەکان ئەنجامدراون.

هەر بەگوێرەی ئامارەکان، ١٦٤ نەخۆش پشکنینی تیشک و سۆنار و ئیکۆیان بۆ کراوە، پاشان ٢٦٤ نەخۆش کیمیاییان وەرگرتووە و هەروەها ٧١٥ نەخۆش چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە، هاوکات ١٠٥ نەخۆش لە بەشی فریاکەوتنی خێرا داغڵ بوون و ٤٥٣ نەخۆش لە قاوشە جیا جیاکانی نەخۆشخانە داغڵ کراون و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.

ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، تەنیا لە پارێزگای سلێمانی هەزار و ٣١٨ کەیسی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراوە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو مانگی شوباتی ئەمساڵ ٧١ هەزار و ٧٤ تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەگشتی تۆمارکراون، لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆری تووشبووان خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بوون .

ر.س

Comments are closed.