شوان محەمەد
سەرۆک ئۆتۆمبیلێک بنێرە بەر دەرگاکەمان با بەڕێزی خۆمانەوە بێین بۆ ئاسایش، چونکە گەر ئەمڕۆش داواکراو نەبین، سبەی هەر ڕێگامان دەکەوێتە ئاسایش، هەر بۆیە دەبێت هەر ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێک ڕەخنە لە سەرۆک بگرێت، یان بیەوێت خۆپیشاندانێک گەر بە جلی سپیشەوە بێت سازی بکات، خۆی ئامادە بکات بۆ ئەو زیارەتە.
لەمەودوا چیتر، پێش ئەوەی بەیانیان لە ماڵەوە بێنە دەرەوە، دەبێت گیرفانەکانتان بگەڕێن، نەک پێناسێکی کۆن، مۆڵەتێکی شۆفێری ماوە بەسەرچوو، کارتێکی خولی ڕاهێنان، یان کارتی شەخسی لە سووچێکی گیرفانەکانتاندا مابێتەوە، چونکە دەبێت پێشبینی بکەیت بە دەردی ئەو مامۆستا وانەبێژە بچیت کە تەنها ڕایگەیاندبوو” سبەی بە جلی سپیەوە لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیراندا خۆپیشاندانی سپی بۆ دامەزراندنی هەمیشەییمان دەکەین،” کەچی بەهۆی ئەو تاوانە گەورەیەوە تۆمەتی پێناسی ماوە بەسەرچوویان خستە پاڵی و تا ڕۆژی دادگاییکردن بە کەفالەتی ١٠ ملیۆن دینار ئازاد کرا، حکومەت بیری چووبووەوە کە خۆشی وەک پێناسی مامۆستاکە “ماوە بەسەر چووە”.
ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان، هەرگیز نەخەڵەتابیت بیر لە شۆڕش و گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بە چەکی تاپڕەوە بکەیت، چونکە تاپڕ و ساچمەزەن زۆر مەترسیدارن، هاوڕێیەکمان لە ماڵی خوشکەکەی تاپڕێکی سەردەمی تەقیانووسەکەیان هەبوو، کە کۆن ویستبوویان پادشای پێ بکوژن و کۆشکەی کۆنترۆڵ بکەن، شەش مانگ لە زیندانیان توند کرد.
هاوڕێیان هەرگیز بوێری ئەوە نەکەن کە ئۆتۆمبیلی کۆن و ” علوج” ی ژمارە فەحس بەکاربهێنن، ئەوە کفرێکی گەورەیە و ڕێگاکانی کوردستان هەموویان ئۆتۆبانن و بەو ئۆتۆمبیلانەتان سرووشتی شەقامەکان و ژینگەی وڵات پیس دەکەن، بەرامبەر ئەوەش حوکمی قورس دەدرێن.
ئەو ڕۆژە ڕەشنووسی بەیاننامەیەکمان لەسەر پاراستنی ئاژەڵان نووسی و ناردم بۆ هاوڕێیەکم لە دەرەوەی وڵات تا ئیمزای بۆ کۆبکەینەوە، هاوڕێکەم پێی ڕاگەیاندم؛ ناوێرێت واژۆی بکات و قبوڵیشی نییە ئێمە واژۆی بۆ بکەین، بەڵکوو دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و واژووی بکات، نەک سبەی دادگاکانی کوردستان پێی بزانن کە واژووەکەی تەزویر کراوە و حوکمێکی عادیلانەی بەسەردا بدەن.
هاوڕێیان، نەکەن لە ناخ و دڵی خۆشتاندا بیر لە سازدانی خۆپیشان لە پێناو مووچەکانتاندا بکەن، چونکە دار و دیوار گوێی هەیە، ڕەنگە برایەکت، یان باوکت لە شوێنێک لە دەمی دەرچێت و باسی بکات، حکومەت گوێی سوکە بۆ ئەو وشانە، دوایی هەر باسیشی بکەیت بە لایەنی کەمەوە بە ساڵێک حوکم دەدرێیت، لەبەرئەوە تۆ بە بەردەوامی کاری خۆت بکە، کەی پارە هەبوو پێت دەدەن، کە پارەش نەبوو نەکەی لە خەیاڵیشتدا بیر لە خۆپیشاندان بکەیتەوە، ئەگینا بە دەردەکەی ئەو مامۆستایەت دەبەن کە ڕایگەیاندبوو، لە ڕۆژانی داهاتوودا خۆپیشاندان دەکەین ” کەچی بە شەو وەک شەمشەمە کوێرە ڕفاندیان و لە زیندان بۆ ماوەی یەک ساڵ زیندانیان کرد.
لە سەردەمی سەدامدا کاتێک کە لە شەقامە گشتیەکەوە بە بەردەم بارەگا سەربازیی و ئەمنییەکانی ڕژێمی پێشوودا دەڕۆشتیت لە کاتی هەڵکردنی ئاڵای عێراقدا دەبوایە دەمودەست بووەستایتایە، گەر نا ئەوا سووکایەتی دنیایان پێ دەکردێت، لەم ڕۆژانەشدا دەبێت وریابیت کە کەژاوەکەی سەرۆک بەرەو ئۆفیسێکی ڕۆیشت دەبێت دەست لەسەر سنگ و چەپڵە و سڵاوێکی گەرمی لێ بکەیت، ئەگینا بە ئۆتۆمبیلێکی ئاسایش چەند دەموچاو پێچڕاوێکی چەکدار دەتبەن و هەرچی ئازای لەشتە شی دەکەنەوە.
باشترین بژاردەش لەبەردەم هەمووماندا با پێکەوە داوا لە سەرۆک بکەین تا ئۆتۆمبیلەکانی ئاسایش بنێرن و لەسەر داوای خۆمان بچین بۆ زیندان، چونکە دڵنیابە، پێناسێکی ساختە، یان تاپڕێکی ژەنگاوی لە ئۆتۆمبیلە کۆنەکەی باوکتدا دەدۆزنەوە، ئەوانە زۆر داهێنەرن لە دۆزینەوەی تۆمەتدا، با عاقڵبین خۆمان داوای چوونە زیندان بکەین.
Comments are closed.