داوا دەکرێت حكومەتی عێراق دەستوەردان لە دۆسییەی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد بکات

ناوەندی هەواڵەكان

چاودێران و شارەزایانی یاسایی داوای دەستوەردانی حكومەتی عێراق لە دۆسییەی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد دەكەن، بە مەبەستى دانانی سنوورێك بۆ كارە نایاساییەكانی پەدەكە، دەشڵێن، دەسەڵاتی دادوەری عێراق بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی هەرێم بەشێكە لە عێراق دەتوانێت ئەم كارە بكات و پێویستە داوای یاسایی بۆ زانینی چارەنووسی ڕۆژنامەنوسان تۆمار بكرێت.

چاودێران و شارەزایانی یاسایی عێراق لەبارەی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسی ڕۆژنیوز لەلایەن پەدەكەوە لە دەروازەی فیشخابوور، بۆ ئاژانسى ڕۆژنیوز دەدوێن.

سالم هەواس
سالم هەواس

سالم هەواس، شارەزای یاسایی ڕایگەیاند، دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان پێشێلكردنی یاسا و دژایەتی ئازادیی ڕادەربڕین و بیروڕایە، بە هەمان شێوەش ناتوانرێت بەبێ تۆمەتی دیارینەكراو هیچ ڕۆژنامەنووسێك یان كەسێكی دیكە دەستگیر بكرێت، دەبێت بزانیت بەپێی چی ماددەیەكی یاسایی لێپرسینەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەكرێت.

دەشڵێت، لە هەولێر چەندین كەس بەبێ دادگاییكردن دەستگیر دەكرێن و ناهێنرێنە بەردەم دادگا، ئەمەش نیشانەیەكی مەترسیدار لەسەر مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین درووست دەكات، بۆیە پێویستە حكومەتی عێراق و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بەپەلە دەستوەردان لەم بابەتە بكەن.

ئاماژەی بەوەش كرد، دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەسەڵاتی دەستوەردانی لە هەندێك دۆسییە لە هەولێر هەیە، بەو پێیەی هەرێم بەشێكە لە عێراق و دەسەڵاتی دادوەری عێراقیش باڵاترین دەسەڵاتە لە هەموو وڵاتدا، هەربۆیە پێویستە سكاڵای یاسایی لەسەر هەولێر لە دادگاكانی بەغدا تۆمار بكرێت، بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ مافی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان و ئەوانەی تر بكرێت.

كازم حاج
كازم حاج

كازم حاج، شرۆڤەكاری سیاسی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، تا ئێستاش دەسەڵاتدارانی هەولێر دوور لەبەرچاوگرتنی بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین خەریكی بەكارهێنانی دەسەڵاتی پۆلیسن، هەر بۆیەش دەیانەوێ ڕۆژنامەنووسان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیر بكەن.

ڕوونیشی كردەوە، دەبێت میدیا ڕۆڵی هەبێت لە ئاشكراكردنی ئەو هەڕەشانەى، كە ڕۆژنامەنووسان لە هەولێردا ڕووبەڕووی دەبنەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پەدەكەوە، هەروەها دەبێت دەزگا نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكەن و پەردەپۆشی ئەوە نەكەن لە ئێستادا ڕوودەدات.

ئەوەشی خستە ڕوو، پێویستە حكومەتی عێراق دەستوەردان بكات لە ئاشكراكردنی چارەنووسی زۆرێك لە دەستگیركراوانی هەولێر، جا چ سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس یان كەسانی دیكە بێت، زۆرن ئەوانەی لەوێ دەستگیركراون و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی لە ئاژانسەكەمان (ڕۆژ نیوز) لە ڕۆژی ١ی تشرینی یەكەم، دوای كۆچی دوایی محەمەد ئەحمەدی باوكی لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا، گەڕایەوە شاری حەلەب و سەردانی بنەماڵەكەی كرد، لە كاتی گەڕانەوەی لە سووریاوە بۆ هەرێمی كوردستان لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن چەكدانی پەدەكەوە ڕفێدرا و ٣٣ ڕۆژە بێ سەروشوێنە.

هـ.ئ

Comments are closed.