محەمەد ئەمین پێنجوێنی: گەر پەکەکە لە باشوور نەمێنێت قەوارەی هەرێم لەناو دەچێت..بەشی یەکەم

بەشى یەکەم- باران گەرمیانی

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، نووسەر و سیاسەتمەداری کورد دەڵێت: پەکەکە بە ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتی، نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەوە بۆ ئامانجەکانی کورد تێدەکۆشێت، ڕاپەڕینی باشوور سەرەتا بە هێرشی گەریلا و گەل دەستی پێ کرد، دەوڵەتی تورک بەهۆی پەکەکەوە پشتگیریی لە پێکهێنانی قەوارەی هەرێم کرد، گەر پەکەکە نەمێنێت ئەوا قەوارەی هەرێم لەناو دەچێت.

لە میانی چاوپێکەوتنێکدا، کە بە دوو بەش بڵاو دەبێتەوە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، باس لە ڕۆڵ و کاریگەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، درووستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهۆی پەکەکە، پاراستنی گەل لە دەستی چەتەکانی داعش و هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان دەکات.

پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨، لە گوندی فیس-س سەر بە شارۆچکەی لیجەی ئاماد لە باکووری کوردستان، بە ڕابەرایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرا، هەر زوو خەباتی خۆی بەرفراوان کرد و ئێستا لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، لە پێناو ئازادی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و لە ٤٦مین بەهاری تەمەنیدا تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەکات.

ڕۆژنیوز: پەکەکە بۆ درووست بوو؟ جیاوازی چییە لە نێوان پەکەکە و شۆڕشەکانی پێش خۆی؟

پێنجوێنی: پێش ئەوەی پەکەکە درووست ببێت، حزب و بزووتنەوەی زۆر هەبوون، هەندێکیشیان شۆڕشیان کردووە بە پێوانی عەقڵییەت و سیاسەتی خۆیان، زۆربەی ئەو هێز و شۆڕشانە، کوردی بە هیچ ئامانجێک نەگەیاند و نەیتوانی هزری نەتەوە و کوردبوون بچەسپێنێت لە بیرکردنەوەی تاکی کورددا، ئەمەش وایکرد، کە هێزێکی دیکە بێتە مەیدانەوە بە ئایدۆلۆژییایەکی تایبەتی و نەتەوەیی، بە گیانێکی شۆڕشگێڕییەوە بۆ ئامانجەکانی تێبکۆشێت، بۆیە لەسەر دەستی ڕێبەر ئۆجالان و چەند کەسایەتییەکی دیکە، توانییان کە هێزێکی جیاواز درووست بکەن ئەوەش پەکەکە بوو.

پێنجوێنی وتیشی: بەڕێز ئۆجالان بیری کردەوە کە نزیکەی ٤٠ ملیۆن کوردین و دابەشبووین بەسەر چوار وڵاتدا، کە دابەشبوونەکەشمان بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، بۆ ئەمە پێویستیمان بە پارتێکی شۆڕشگێڕ و بە دیسپلینێکی پۆڵایین هەیە، ئۆجالان دەیویست بەو کەسە تایبەتییانەی کە لە مردن ناترسن و بیر تەنها لە سەرکەوتن دەکەنەوە، بگەینە ئەو ئامانجانەی کە کورد دەیەوێت.

ڕۆژنیوز: ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ سەرەتا چۆن درووست بوو؟

پێنجوێنی: کاتێک ڕاپەڕین لە دژی ڕژێم ئەنجام دەدرێت، ئەو کاتە گەریلاکانی پەکەکە لە لوتکەی چیاکانی خواکورک و قەندیل بوون، سەرەتا لە زاخۆ گەریلاکانی پەکەکە و گەل هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی ڕژێم، پەکەکە بارەگاکانی حکومەتی گرت و چەکیان دا بە گەل، هەروەها لەگەڵ هاتنی پێشمەرگە بۆ ناو شارەکان، پەکەکە بە پێشمەرگەی وتبوو هەرچی بە ئێمە دەسپێرن ئامادەین، بەڵێنی خۆیانیشیان بە ئامانج گەیاند.

ڕۆژنیوز: ڕۆڵی پەکەکە لە درووستبوونی پەرلەمان و قەوارەی هەرێمدا چییە؟

پێنجوێنی: دوای ڕاپەڕین بڕیاری ئەوە درا کە حکومەت و پەرلەمان درووست بکرێت لە باشووری کوردستان، لەو کاتەدا تورکەکان وتیان پشتگیریتان دەکەین کە حکومەت پێکبهێنن، بەو مەرجەی شەڕی پەکەکە بکەن و لەناویان ببەن، بۆیە دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی سەندەویچ ڕاگەیاند، کە پێکەوە لەگەڵ چەکدارانی پەدەکە و یەنەکە هێرش بکەنە سەر گەریلا و پەکەکە وەک سەندویچ پان بکرێتەوە و لەناوی ببەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا دەسەڵاتی کوردی وتیان ئێمە حکومەت درووست دەکەین و تورکیا هاوکارییمان دەکات، بەڵام پەکەکە ڕێگرە و لێمان تێک دەدات، لە ئەنجامدا بڕیاریاندا کە شەڕی پەکەکە بکەن و سەرکەوتووش نەبوون، لەو کاتەدا تورکیا نوێنەری هەموو پارتەکانی باشووری کوردستانی لە ئەنقەرە کۆکردەوە، لێپرسراوی ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوور، بە ئیهانەکردنەوە پێیان دەڵێت ئێوە خیانەتتان لێ کردین، ڕێککەوتبووین لە پێناو پارەدا پەکەکە لەناوبەرن بەڵام نەتانتوانی.

ڕۆژنیوز: بە نەمانی پەکەکە لە باشوور مەترسی دەکەوێتە سەر قەوارەی هەرێم؟

پێنجوێنی: گەر گەریلای پەکەکە لە باشووری کوردستاندا نەمێنێت ئەوا بە تەواوی دەوڵەتی تورک داگیری دەکات، هەرچەندە ئێستا لە سێ بەش، بەشێکی دەوڵەتی تورک داگیری کردووە، ئەوکاتە دەبێت باشووری کوردستان ببێتە ویلایەتێک لە تورکیا یان قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناودەبرێت.

ئەم چاوپێکەوتنە بەردەوامی دەبێت و سبەینێ بەشی دووەمی بڵاودەکرێتەوە.

ئـ.م

Comments are closed.