محەمەد ئەمین پێنجوێنی: پەکەکە هەوڵی یەکبوونی گەل دەدات لە باشووری کوردستاندا..بەشی دووەم

بەشى دووەم- باران گەرمیانی

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، نووسەر و سیاسەتمەداری کورد دەڵێت: پەکەکە ئێزدیی، کاکەییەکان، هەولێر و گەلی باشووری پاراست لە چەتەکانی داعش، لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیش بەرخۆدان دەکات، دەشڵێت: پەکەکە بە ئاواکردنی کەنەکە، هەوڵی بۆ یەکبوونی گەل داوە، تاکە ئومێدی گەلی باشوورە.

لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنی ئاژانسەکەمان لەگەڵ محەمەد ئەمین پێنجوێنی، نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، باس لە ڕۆڵ و کاریگەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، درووستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهۆی پەکەکە، پاراستنی گەل لە دەستی چەتەکانی داعش و هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان دەکات.

پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨، لە گوندی فیس- سەربە شارۆچکەی لیجەی ئاماد لە باکووری کوردستان، بە ڕابەرایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرا، هەر زوو خەباتی خۆی بەرفراوان کرد و ئێستا لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، لە پێناو ئازادی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و لە ٤٦مین بەهاری تەمەنیدا تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەکات.

ڕۆژنیوز: ڕۆڵی پەکەکە لە پاراستنی باشووری کوردستان لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش چۆن بوو؟

پێنجوێنی: کاتێک کە چەتەکانی داعش بەرەو مەخموور هێرشیان دەست پێ کرد، هێزی کوردی لە عێراقدا ئەژنۆی شکا، هەر ئەو کات مەلا بەختیار بەناوی هەریەک لە مەسعود بارزانی و یەنەکەشەوە داوای لە هەڤاڵ جومعە (جەمیل بایک) کرد، کە هێزی گەریلا بنێرن بۆ ئەوەی ڕێگە لە داعش بگیرێت کە نەیەتە ناو هەولێر، بۆیە گەریلا لەبەردەم پێشڕەوییەکانی داعش وەستان و شکستیان پێیان هێنا.

وتیشی: لە شنگالیش جارێکی دیکە هەڤاڵانی گەریلا، توانییان زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئێزیدی بپەڕیننەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و نەیانهێشت تەواوی ژنان بکەونە دەستی چەتەکانی داعش و لاقە یان کۆمەڵکوژ بکرێن، هەر لەو کاتەدا نوێنەری کاکەییەکان چووە لای جەمیل بایک، داوای لێدەکات هاوشێوەی ئێزدییەکان، کاکەییەکانیش بپارێزن، بۆیە بە ژمارەیەکی زۆر کەمی گەریلا، هەموو گوندەکانی کاکەییەکان لە دەوروبەری کەرکووک، داقوق و شارۆچکەی خورماتوویان پاراست.

ڕۆژنیوز: لەو کاتەدا وەڵامی دەسەڵاتی باشوور لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلا چۆن بوو؟

پێنجوێنی: ئەو هێزە کەمەی گەریلا کە لە باشووری کوردستاندا هەبوو، لە هەموو هێزی لایەنەکانی باشووی کوردستان کاریگەری زیاتری هەبوو لە بەرپەرچدانەوەی داعش و تێکشکاندیان، ڕێگرییان کرد لە داگیرکردنی هەولێر، دواتر مەسعود بارزانی ڕۆشتە مەخموور و سوپاسی گەریلاکانی پەکەکەی کرد، کە بوونە هۆی ئەوەی هەولێر و گیانی هاوڵاتییان بپارێزن.

 

ڕۆژنیوز: لەم ساڵانەی دواییدا دەوڵەتی تورک دەستی کردووە بە داگیرکاریی لە باشووری کوردستان، ڕۆڵی گەریلا چییە لە دژی ئەو داگیرکارییانە؟

پێنجوێنی: لە پیلانی ئەردۆغان، ئاکەپە و مەهەپەدا بەشێکی زۆری باشووری کوردستان سەر بە میساقی میللییە و دەبێت بخرێتە سەر تورکیا، هەوڵ دەدات هەموو باشوور داگیر بکات، هێزی زەرد (پەدەکە) هاوکاری سوپای تورکی داگیرکەر دەکات، بۆیە لەو ناوچانەی کە ئێستا شەڕیان تێدا بەڕێوەدەچێت، گەریلا بەرخۆدان دەکات و ڕۆژانە دەیان ئەفسەر لە سوپای تورک دەکوژێت، پەکەکە ئێستا بووەتە ڕێگرییەک لە بەردەمیان کە میساقی میللی جێبەجێ بکەن.

ڕۆژنیوز: پەکەکە چی کاریگەرییەکی لەسەر گەلی باشوور هەیە؟

پێنجوێنی: زهنییەتی نەتەوە و نەتەوەییبوون بە بیرکردنەوەی ئۆجالان و پەکەکە هاتە باشووری کوردستان، ڕاستە پێش پەکەکەش باسی کوردایەتی دەکرا و شەهیدی لەپێناودا درا، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرنامەکەیان بە جۆرێکی دیکە بوو بەرگەیان نەگرت، پەکەکە تا ڕادەیەک گەلی باشووری کوردستانی ڕێکخستووە و هەوڵی بۆ یەکبوونی گەل داوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە کاردەکەین تا بتوانین بیری یەکڕیزی لە باشووری کوردستاندا بچەسپێنین، ئێستا بە سەدان گەنجی خوێندەوار و تێگەشتووی باشووری کوردستان ڕۆژانە دەیانەوێت ببنە ئەندامی کەنەکە، بێگومان ئەمەش دەرخەری ئەوەیە فکری پەکەکە بە تەواوی چەسپیوە لە فکری خەڵکی باشووردا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش پێشدەکەوێت.

ڕۆژنیوز: وتەی کۆتایی بەڕێزتان چییە؟

پێنجوێنی: سەرەڕای ئەوەی هەموو هێزی باشوور دژایەتی فکری پەکەکە و نەتەوەی کورد دەکەن، زۆربەی سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیری باشووری کوردستان پێم دەڵێن تاکە ئومێدمان بە پەکەکەیە، چونکە بێ هیوا بوون لە پارتەکانی دیکە و ئەو کارانەی پێشتر کردوویانە، زۆر گەشبینمم پاشەڕۆژ بۆ کورد دەبێت.

ئـ.م

Comments are closed.