ڕێبەر ئۆجالان: چوار دەرگامان داخست بۆ ئەوەی بڵێم کوردستان داگیرکراوە

باران گەرمیانی

ڕێبەر ئۆجالان، لە تۆمارێکی دەنگییدا باس لە چۆنییەتی درووستبوون و ئاواکردنی فکری پەکەکە دەکات و دەڵێت: لە ١٩٧٢ بیرم لێی کردەوە و ١٩٧٣، چوار دەرگام داخست بۆ ئەوەی بە هەڤاڵانم بڵێم کوردستان داگیرکراوە، هەروەها دەشڵێت: خەڵک پێی دەوتم لە دەست دەرچووە، بەڵام من دەستم بە سیاسەت کرد بۆ ئەو ئامانجە.

پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨، لە گوندی فیس- سەربە شارۆچکەی لیجەی ئاماد لە باکووری کوردستان، بە ڕابەرایەتیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرا، بەو فکر و فەلسەفەیەش ئێستا خەبات و تێکۆشانی خۆی لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەوام دەکات.

لە تۆمارێکی دەنگییدا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، باس لە سەرەتای درووستبوونی فکری ئاواکردنی پەکەکە و ئازادکردنی کوردستان لە ژێردەستەیی و داگیرکاریی، هەروەها چۆنییەتی وتنی “کوردستان داگیرکراوە“ بۆ هەڤاڵانی دەکات.

لە تۆمارە دەنگییەکەدا، ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: سەرەتا لە ساڵی ١٩٧٢ بیرم لە ئاواکردنی پەکەکە کردەوە، لە بەهاری ساڵی ١٩٧٣، شەش هەڤاڵم کۆکردەوە و چەند وشەیەکم پێ وتن، کە دەبێت وڵاتێک ئاوابکەین و ناوی بنێین کوردستان، چونکە کوردستان داگیرکراوە، تەنها ئەو دوو وشەیەم پێ وتن، وتیشم ئەم وشانە لە بیر مەکەن، لەسەر ئەو بنەمایە یەکدی بناسین و لە دەوری یەکدی کۆببینەوە، ئێمە لە دڵی خۆماندا ئەم ئامانجەمان گەورە کرد.

ئاماژە بەوەش دەدات، بۆ ئەوەی ئەو دوو وشەیە بە هەڤاڵەکانم بڵێم، چوار دەرگامان داخست بۆ ئەوەی کەس نەیبیستێت، چونکە نهێنی و مەترسیدارە، گەر دوژمن بیبیستێت ئەوا هیچ لەدەستمان نامێنێت، لەو کاتەشدا هیچ توانایەکی مادیمان نەبوو.

باس لەوەش دەکات، خەڵکی گوندەکەمان پێدەکەنین پێم، دەیانوت کەس هاوڕێیەتی کوڕەکەی عومەر نەکات، ئەو لە دەست دەرچووە، هەروەها لە ئەنقەرەش هەمان شتیان دەوت، بێ ژیانە و ژیان ناناسێت، بەڵام من دەستم بە سیاسەت کرد بۆ ئەو ئامانجە.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٤ی نیسانی ساڵی ١٩٤٨، لە گوندی ئامارای سەر بە شارۆچکەی خەلفەتی پارێزگای ڕحا لە باکووری کوردستان لە دایک بووە، لە ساڵی ١٩٧٢ بیر لە ئاواکردنی پەکەکە و ئازادکردنی کوردستان لە ژێر دەستەیی دەکاتەوە و لە ساڵی ١٩٧٨ پەکەکە دادەمەزرێنێت، لە ساڵی ١٩٩٩ پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی لە دژی ئەنجام دەدرێت و دەخرێتە زیندانی تاکەکەسییەوە، ماوەی زیاتر لە ٣٢ مانگیشە گۆشەگیرییەکی توند لە دژی بەڕێوەدەچێت.

ئـ.م

Comments are closed.