تەرمى هونەرمەند تاهیری خەلیلی لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا

سلێمانى

پاش ئەوەی هونەرمەندی نەتەوەیی کورد، تاهیری خەلیلی، لە ٢٦ی ئەم مانگە بە هۆی جەڵدەی مێشکەوە لەناو ماڵەکەی خۆی گیانی لە دەست دا، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی خانەوادەکەیی و هونەرمەندان لە گۆڕستانی بەکرەجۆ لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

ئەمڕۆ، تەرمی تاهیری خەلیلی، هونەرمەندی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی کورد، بە مەراسیمێکی شایستە لە گۆڕستانی بەکرەجۆ لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

هەرچەندە هونەرمەند تاهیری خەلیلی، لە ٢٦ی ئەم مانگە گیانی لە دەست دا، بەڵام بە هۆی ئەوەی خانەوادەکەی لە دەرەوەی وڵات بوون، مەراسیمی بە خاک سپاردنی بۆ بەڕێوەنەچوو، ئەمڕۆ پاش گەڕانەوەی خانەوادەکەی بە خاک سپێردرا.

تەرمی هونەرمەند، سەرەتا برایە مزگەوتی ئەحمەدى حاجی عەلى و مەراسیمی ئاینیی بەڕێوەچوو، پاشان بە مەراسیمێک برایە گۆڕستانی بەکرەجۆ و بە ئامادەبوونی خانەوادە، هونەر دۆستان و چەندین کەسایەتیی و هەوادارانى سپاردەی خاک کرا.

هونەرمەند تاهیری خەلیلی، لە ساڵی ١٩٥٦، لە شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەستی کردووە بە گۆرانی وتن، بە شێکی زۆری گۆرانییەکانیش تایبەت بووە بە شۆڕشی گەلی کورد، لە قەندیلی سەربەرزەوە، بۆ مەهاباد، سروودی ڕاپەڕین بەشێکن لە بەرهەمە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەکانی، لە ٢٦ی ئەم مانگە بەهۆی جەڵدەی مێشکەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری سلێمانی گیانی لەدەست دا.

ئ.م

Comments are closed.