“گرێبەستە ٥٠ ساڵییەكە، ٥٠ ساڵ دۆزی كوردی بردە دواوە”

سەرتیپ جەوهەر

بەر لە ١٠ ساڵ و لە ٢٨ى تشرینی دووەمی ٢٠١٣ نێچیرڤان بارزانیی سەرۆك وەزیرانی پێشووی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی عیماد ئەحمەد-ی جێگری و ژمارەیەك لێپرسراوی پارتی و یەكێتیی لە ئەنقەرە لەبەردەم رەجەیب تەیب ئەردۆغان، ئیمزایان لەسەر گرێبەستێكی ٥٠ ساڵەی هەناردەكردنی نەوت لەگەڵ توركیا-دا كرد.

ئەو رێككەوتنە، كە بەبێ‌ ئاگاداریی پەرلەمانی كوردستان تەوافوقی نیشتیمانی و لە دەرەوەی هەموو سیاقێكی قانونی لەگەڵ ئەردۆغان مۆركرا، هەرێمی كوردستانی بردە تۆنێلێكی تاریك و بووە هۆی پاشەكشەیەكی گەورەی لە كۆی دۆزی كورد لە عێراق و ناوچەكە و بووە مایەی ماڵوێرانی خەڵكی كوردستان.

ئەوانەی گرێبەستە ٥٠ ساڵەییەكەیان كرد. ٥٠ ساڵ دۆزی كوردیان بردە دواوە، ئێستاش دوای ئەو شكستە گەورە و ئەو گورزە كوشندەیە لە ژیانی خەڵك و چارەنوسی كوردستان، دەیانەوێ‌ لە پەنای درووشمی قەومی و موزایەدەی سیاسی گەندەڵیی ئەو شكستە گەورە و نادادی و ستەمكاریەكەیان بشارنەوە.

ئەوانەی گرێبەستەكەیان كرد، یاخود بەشداربوون تێیدا ڕووبەڕووی مێژوو دەبنەوە. دەبێ‌ وڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە، كە خەڵكی كوردستان هەموو رۆژێ ڕووبەڕووی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی هەرێمی دەكەنەوە.

ئەمڕۆ دوای ١٠ ساڵ لە ماڵوێرانی و كولەمەرگی خەڵكی كوردستان، پێویستە ئەوانەی گرێبەستە ٥٠ ساڵەییەكەیان ئیمزاكرد و بە پێكەنینەوە لەگەڵ ئەردۆغان دەركەوتن و ئەو گرێبەستەیان بە موزایدەی سیاسی بە خەڵكی كوردستان دەفرۆشتەوە، پێویستە ڕووبەڕووی پرسیاری خەڵكی كوردستان ببنەوە.

ئەو گرێبەستە ٥٠ ساڵەییە تەنها شكستێكی شەخسی، یان حوكمڕانی نەبوو، بەڵكوو پرسی كورد و چارەنوسی گەلێكی ستەمدیدەی كردە سۆتەك و لەبری سەربەخۆیی ئێستا مامۆستا و فەرمانبەرانی هانا بۆ داگیركەرانی دوێنێ دەبەن تەنها بۆ ئەوەی قوت و ژیانیان بۆ دابین بكات، ئەوانەیشی مۆریان لەسەرە ئەو گرێبەستە كرد و بە چەپڵە رێزان لە تەنیشت ئەردۆغانەوە دەخەنینەوە، وەك كورد دەڵێت، سەریان لەبن كلكیان ناوەو نوققەیان لێوە نایەت.

ئەوانەی گرێبەستە ٥٠ ساڵەییەكەیان كرد، هەرئەوان بوون مووچە و قوتی خەڵكیان بڕی و ناویان لێنا پاشەكەوت، هەر ئەوانیش بوون باج و خەراج و نرخی ئاو و كارەباو خزمەتگوزارییەكانیان زیادكرد بۆ ئەوەی شكستە گەورەكەی خۆیانی پێ داپۆشن، كەچی لەمڕۆژانە یەكێكیانم بینی دەیگوت زۆرم پێناخۆشە كاتێك دەبیستم هاتنی مووچە دەبێتە هەواڵی ڕۆژنامەكان، یەكێكی دیكەش دەیگوت نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە، هەستی كوردایەتیم زیاتر دەكات.

بەر لە ١٠ ساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران چووە ئەنقەرە بۆ ئیمزاكردنی گرێبەستێكی ٥٠ ساڵی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم. بەپێی سەرچاوەكان، عیماد ئەحمەد، كە ئەوكات جێگری سەرۆك وەزیران بوو لە پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ئیسپانیا بوو، بەڵام بە فرۆكەیەكی تایبەت هێنرایەوە ئەنقەرە تا لە چەپڵەرێزانی مۆركردنی گرێبەستەكە ئامادەبێت. باس لەوەش دەكرێت كە ژمارەیەك لێپرسراوی دیكەی پارتی و یەكێتیی ئامادەبوون.

ناوەرۆكی گرێبەستەكە تا ئێستا وەكو خۆی بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا نەكراوە. لە كۆتاییدا دادگای فیدراڵی عێراق لەسەرەتای ساڵی رابردوو بە ڕەسمیی ناردنە دەرەوەی نەوتی كوردستانی بە بڕیارێك ڕاگرت بەو پێیەی نادەستورییە و هیچ بنەمایەكی قانونی نییە.

ئ.م

Comments are closed.