جلی کوردیی ڕەسانەیەتی میللـەتی کورد دەردەخات

هەرێم قادر

پۆشاکی کوردیی یەکێکە لە ڕوخسارە ڕەسانەیەتی و کەلتوورییەکانی میللەتی کورد، بەشێکی زۆری ھاوڵاتییان گرنگی زۆری پێدەدەن، ژنانیش بە شێوەیەکی تەواو ڕێک پۆش و جوان جلی کوردیی بەکاردێنن، داواکاریشن کەلتووری بیانی تێکەڵ بەو ڕەسانەیەتی گەلەکەمان نەکرێت.

لە تەواوی دونیا میللەتان بە تایبەتمەندی و کەلتووری خۆیان بەناوبانگن و دەناسرێنەوە، میللەتی کوردیش خاوەن کەلتوورێکی جوان و دەوڵەمەندە لە پۆشاکدا، جلوبەرگی کوردیی هێمای ناسینەوە و جیاکردنەوەی کوردە، وەک پۆشاکی ڕۆژانە و لە سەرجەم بۆنە و مەراسیمەکاندا بەکار دەهێنرێت.

شەھلا حەمە تۆفیق
شەھلا حەمە تۆفیق

شەھلا حەمە تۆفیق، ژنێکی ھەڵەبجەیە دەربارەی پۆشینی بەرگی کوردیی و هێشتنەوەی بە ڕەسەنیی بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمەی میللەتی کورد جلێکی زۆر جوانمان ھەیە، ئەگەر لە دەوام و کاری ڕۆژانەماندا بەکاری ناھێنین، پێویستە لە بۆنە و یادە تایبەتەکاندا بیپۆشین، پێم خۆشە ئێستا لەلایەن ژنان و گەنجانەوە جلی کوردیی زۆر لەبەردەکرێت.

شەھلا دەشڵێت: جلی کوردیی خۆی جوانە و جوانی تێدایە، بەڵام دەشێوێنرێت، تکایە جلی کوردی مەشێوێنن بە شێوەی نەنک و داپیرەکانمانەوە جوانە، مەیکەن بە مۆدێل.

باسی لەوەش کرد، ھەڵپەڕکێ لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە، ئەگەر ئەوانە کۆبکرێتەوە دەبێتە کەلتوورێکی ھونەری زۆر بەپێز، داواکارم کەلتووری بیانی بەلاوە بنرێت، چوونکە ھیچ وڵاتێک کەلتووری ئێمە نابات بۆ خۆی، بۆچی ئێمە کەلتووری بێگانە پێش بخەین و هی خۆمان نەپارێزین.

ئامێز عومەر
ئامێز عومەر

ئامێز عومەر دەڵێت: لە منداڵیەوە بەردەوام جلی کوردی لەبەر دەکەم قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی: شتێکی زۆر جوان و باشە لە تەواوی بۆنە و یادەکاندا جلی کوردی لەبەر بکەین، خۆشبەختانە گەنجان و توێژە جیاوازەکان ئێستا جلی کوردیی زۆر بەکاردێنن.

وتیشی: لە ساڵانی ڕابردوودا کەلتووری بیانی ھاتبووە ناو جلی کوردییەوە، ئەمساڵ ئەو کەلتوورە بیانیانە نەماوە، چووینەتەوە سەر فۆلکلۆر و ڕەسانەیەتی کوردیی خۆمان، خۆشم لە منداڵیەوە تا ئێستا لە بۆنە و یادەکاندا جلی کوردیی لەبەردەکەم.

سروە محەمەد
سروە محەمەد

سروە محەمەد ژنێکی دیکەیە و جلی کوردی پۆشیووە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی: وەک خۆم زۆر گرنگی بە جلی کوردیی دەدەم، حەزدەکەم ھەموو گەلی کورد لە ھەموو بۆنە و یادەکاندا، جلی کوردیی لەبەربکەین، چونکە گرنگە ئەوە ڕەسەنایەتی میللەتەکەمانە، ئێمە بە جلی کوردیەوە دیارین وڵاتان دەمان ناسێت.

سروە باسی لەوەش کرد، جگە لە جلی کوردیی خواردنەکانیشمان ناسراوە و تایبەتمەندە لە وڵاتانی دەرەوەش، وەک ترخێنە و دۆینە و یاپراخ و قەرەخەرمان و خواردنە کوردەوارییەکانی دیکە، پێویستە ھەموو ئەو کەلتوورانە بپارێزین و نەھێڵین بەرە و لەناوچوون بڕوات.

ش. ئـ

Comments are closed.