هەراسانکردن و گێچەڵکردنی ئەلیکترۆنی بەرامبەر ژنان زیادیی کردووە

سلێمانی

توندوتیژیی و هەراسانکردن و گێچەڵی سێکسی بەرامبەر بە ژنان لە گشت تەمەنەکان دا و لەڕێی ئامڕازەکانى پەیوەندیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زیادیان کردوە، چالاکوانێکیش دەڵێت: ئێمە پێویستمان بە یاسای زۆر زیاتر هەیە تاوەکو بمانپارێزێت لەو هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی و تۆمەت دروستکردنە.

بەهۆی زۆربوونی ئامڕازەکانی پەیوەندیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڕەشە و گێچەڵپێکردن دژ بە ژنان لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە، کە ئەمەش لە یەک کاتدا تاوانێکی ئەلیکترۆنیی و توندوتیژییە بەرامبەر ژنان دەکرێت.

دالیا عومەر چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ، بۆ ڕۆژنیوز وتی: بە شێوەکی گشتی ئەو توندوتیژیانەی کە دژی ئافرەتان لە باشووری کوردستاندا هەن و ئێستا زۆر بە زەقی دەبینرێت هەراسانکردنی ئەلیکترۆنییە، هەروەها تۆمەت دروستکردن تۆمەتی ئەخلاقی کە ئێستا لە میدیای بیستراو بینراو زۆر گوێمان لێ دەبێ.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەرکی ڕێکخراوەکانە، کە بتوانن بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی ئەو دیاردانە ببنەوە، هەرچەندە لە ئێستادا زۆر ڕێکخراو و دەزگایی حکوومی و ناحکوومی کار لەسەر ئەوە دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتا ئێمە پێویستمان بە یاسای زۆر زیاتر هەیە تاوەکو بمانپارێزێت لەو هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی و تۆمەت دروستکردنە بۆ کەسایەتیەکانی ناو سۆشیالمیدیا.

ئەو چالاکوانە باسی لەوەشکرد: ڕێکخراوەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو کاریان زۆر لەسەر ئەو بابەتە کردووە، بەڵام حکومەتیش دەبێ هەماهەنگ بێت، چونکە ڕێکخراو ئەرکی ئەوەیە، کە دیاردەی نادروست لەناو کۆمەڵگا باس بکات و کار بکات لەسەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، لە هەمان کاتدا ئەرکی حکومەتیشە لە ڕێگەی یاسای تایبەت بتوانێت کەسەکان بپارێزێ و بە تایبەتیش ژنان، کە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە توندوتیژیانا ئەبنەوە.

دالیا عومەر وتیشی: پەیامی من بۆ ژنان، ئەوەیە ئەگەر هەر ژنێک توندوتیژی بەرامبەر کرا، یان هەراسان کرا و ڕووبەڕوی كێشەبوونەوە، با بێ دەنگ نەبن و قسەی خۆیان بکەن، تاوەکو بتوانێت مافەکەی خۆی بەدەست بێنێت.

لە یاسای سزادانی عێراقی گێچەڵ پێکردن و تاوانە ئەلیکترۆنییەکان یاسایەکی تایبەتیان نییە، بەڵام هەر بە تاوان هەژمار دەکرێت و سزای لەسەرە، بەپێی مادەی ٤٥٢ لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە ١١١ـی ساڵی ١٩٦٩ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئەو یاسایە بریتییە لەوەی، کە هەرکەسێک گێچەڵیان هەڕەشە لە کەسانی تر بکات، یان  بەزۆر پارە و سامان یاخود هەرشتێک بە بێ ویستی کەسەکان وەربگیرێت سزای زیندانی هەیە و ماوەکەی دەگاتە حەوت ساڵ، ئەگەر تاوانەکە بە زۆرەملێ بێت و بە توندوتیژی بکرێت سزای زیندانییەکەی بۆ ١٠ ساڵ درێژ دەبێتەوە.

یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن لە هەرێمی کوردستان ژمارە ٦ـی ساڵی ٢٠٠٨  هەیە، لە مادەی دووەمدا هاتووە کە ئەنجامدەری تاوانی هەڕەشەکردن بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگای موبایل یان هەر ئامێرێکی پەیوەندی، بە تەل یان بێ تەل یان ئینتەرنێت بەخراپی بەکار بهێنێت سزا دەدرێت بە بەندکردن کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت و بە ماددی سزادەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆنیش زیاتر نەبێت.

شـ.ئـ

Comments are closed.