فڕۆكەیەک بە بڕێكی زۆری پارە و ئاڵتوونەوە لە بەغدا نیشتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

بەرپرسانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بڵاویان كردەوە، دوێنێ بە شێوەیەكی كتوپڕ فڕۆكەیەكی تایبەت خۆی كردووەتە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، ئەو فڕۆكەیە و بڕی ٢.٧ ملیۆن دۆلار و ١١٤ كیلۆگرام زێڕی پێ بووە، لایەنی ئەمنی فڕۆكە خانەكەش دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە بڕە زۆرەی پارە و زێڕە دەست پێ كردووە.

میدیا عێراقییەكان لە زاری بەرپرسانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هەواڵی نیشتنەوەی فڕۆكەیەكی تایبەتی پڕ لە دۆلار و زێریان لە فڕۆكەخانەكەیان بڵاو كردوەتەوە.

میدیا عێراقییەكان ئاماژەیان بەوەش كردووە، دوێنێ بە شێوەیەكی كتوپڕ فڕۆكەیەكی تایبەت خۆی كردووەتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدایە، ئەم نیشتنەوەیە ئاسایی نەبووە، چونكە فڕۆكە تایبەتەكە بڕی ١١٤ كیلۆگرام زێڕی تێدا بوو و بڕی ٢.٧ ملیۆن دۆلاریش تێدا بووە.

ئەوەشی خستە ڕوو، دەسەڵاتدارانی فڕۆكەخانەی بەغدا گومانیان لە سەرچاوەی ئەم سامانە گەورەیە  هەیە، بۆیە بە خێرایی دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد بۆ زانینی سەرچاوەی ئەو داهاتە زۆرە، هەروەها چوار سەرنشینی فڕۆكەكە و خاوەنی فڕۆكەكە، كە بە بازرگانێكی دەوڵەمەند ناسراوە، بانگهێشتی لێكۆڵینەوە كران و داوایان لێكرا بڕوانامە و بەڵگەنامە پێشكەش بكەن، كە درووستی سەرچاوەی ئەم زێڕ و پارەیە دەسەلمێنن.

ڕوونیشكراوەتەوە، دوای چەندین كاتژمێر لە لێكۆڵینەوە ئەو بازرگانە نهێنی ئەم سامانە گەورەیەی ئاشكرا كرد، دەركەوت لە ئەو پارە وزێرانە موڵكی كۆمپانیایەكی ئیماراتییەوە كە تایبەتە بە بازرگانیكردن بە پشك و زێڕ و كاڵاكانی دیكەی وەبەرهێنان و بازرگانی كردن.

لە كۆتاییدا دەركەوتووە، چالاكییەكانی كۆمپانیاكە لە ڕووی دینی و یاساییەوەو هیچ كێشەیان نییە، وەزارەتی دارایش پشتڕاستی كردەوە، كە ئەم بازرگانییە لەگەڵ دەستووری عێراق و یاسای ئیسلامیدا دەگونجێت، ئەو كۆمپانیایە ئیماراتییە پابەند بووە بە هەموو ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە بازرگانیكردن بە سەروەت و سامانی داراییەوە، كارەكانیش لەسەر بنەماكانی شەریعەت بووە.

دوای پشتڕاستكردنەوەی سەرچاوەی ئەو پارە و زێڕە و بەدواداچوون بۆ چالاكی و تۆماری ئەو بازرگانە ئازاد كرا و ڕێگە بە فڕۆكەكە درا بەردەوام بێت لە گەشتەكەی.

هـ.ئ

Comments are closed.