لە سلێمانی بە جۆشەوە یادی دامەزراندنی پەكەكە كرایەوە

سلێمانی

بە بەشداری سەدان كەس لە وڵاتپارێزان و پەنابەرانی ڕۆژئاوای كوردستان و هاوڵاتییانی سلێمانی بە ئاهەنگێك لە شاری سلێمانی ٤٥مین ساڵیادی دامەزراندنی پەكەكە، بە جۆشەوە بەرز ڕاگیرا.

ئەمڕۆ، لە كۆمەڵگەی گەشتیاریی ماریانا لە شاری سلێمانی، ٤٥مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان-پەكەكە بەرز ڕاگیرا.

سەرەتای ئاهەنگەكە، وەك نەریتێكی هەمیشەیی بە خولەكێك وەستان بۆ ڕێزلێنان لە خوێنی شەهیدان دەستی پێ كرد، پاشان گرووپی هەڵپەركێی منداڵانی ڕۆژئاوای كوردستان نمایشێكی هەڵپەڕكێیان ئەنجامدا.

دواتر، گرووپی هونەریی نسیار، چەند بەرهەمێكی گۆرانیان پێشكەش كرد و جۆش و خرۆشێكی هونەرییان بەخشی بە ئامادەبووان.

لە درێژەی ئاهەنگەكەدا، گرووپی هەڵپەركێی گەنجانی ڕۆژئاوا، نمایشێكی دیكەی هەڵپەركێیان ئەنجامدا و پاشان شیرینی ٤٥مین ساڵیادی پەكەكە خورا.

ئاهەنگەكە تا درەنگانێكی ئەمڕۆ بە وتنەوەی گۆرانی لەلایەن هەریەك لە هونەرمەندان (ئەحمەد كۆبانی و ڕێڤین ئاراس) درێژەی كێشا و ئێوارەیەكی پڕ لە جۆش و هەڵپەڕكێ ئەنجامدرا.

پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨، بە ڕابەرایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرا، هەر زوو خەباتی خۆی بەرفراوان کرد و ئێستا لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، لە پێناو ئازادیی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت، هەرچەندە تا ئێستا فشارەکان بۆ بێکاریگەرکردنی بەردەوامە، بەڵام بە ڕۆحییەتی عەگید و زیلانەکان لە تێکۆشانی خۆی بەردەوامە.

هـ.ح

Comments are closed.