چالاکوانێکی ئێرانی: ئەڵمانیا هاوکاریی ئێران دەکات لە بێدەنگ کردنی هاووڵاتییانی ناڕازی

ناوەندی هەواڵەکان

ژنە چالاکوانێکی ئێرانی ڕایدەگەیەنێت، دیدارێکی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هەبووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کچە شەهیدێکی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لە وڵاتی ئێران، بەڵام بەرپرسانی ئەڵمانیا جەختیان لە نهێنی هێشتنەوەی کۆبوونەوەکە کردووەتەوە و لە ئاکامدا ئەم ژنە کۆبوونەوەکەی بە جێ هێشتووە.

مەسیح عەلی نەژاد، ژنە چالاکوانێکی ئێرانە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەمڕۆ لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا کۆتایی بە کۆبوونەوەیەک هێناوە، چونکە دەیانویست وتەکانیان بە نهێنی بمێنێتەوە و ئاشکرا نەکرێت لە میدیاکان و سۆشیاڵ میدیا.

ئەو چالاکوانە دەڵێت: لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوومەوە، بەڵام ئاگاداریان کردمەوە لەوەی کە دەبێت کۆبوونەوەکە بە نهێنی بمێنێتەوە و نابێت لە میدیاکان باسی بکەم یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆم بڵاوی بکەمەوە.

دەشڵێت: ویستم بەرپرسان ڕازی بکەم تا بتوانم بە ئاشکرا لەگەڵ نوێنەرانی ئێران دیدار ببەستم، سەبارەت بە سیما موراد کە ژنێکی گەنجە و ساڵی پار لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”یدا بە گولەی هێزەکانی پۆلیسی ئەخلاقی شەهید کرابوو، کاتێک بەرپرسانی وەزارەت پێداگرییان کرد لەوەی کە دەبێت کۆبوونەوەکە بە نهێنی بمێنێتەوە، ئەو کات من کۆبوونەوەکەم جێ هێشت.

مەسیح عەلی نەژاد ئاماژەی بەوە داوە، کە چالاکوانێکی بواری ژنانە و بۆ ڕوونی و شەفافیەت وەستاوە و حکومەتی ئەڵمانیاش لەگەڵ سیاسەتی فێمینیستانەی دەرەوەی هەوڵ دەدات لەگەڵ فێمینیستەکانی تر بە نهێنی کۆببێتەوە، هەروەها حکومەتی ئەڵمانیا کار لەسەر تاوانبارکردنی قوربانییەکان دەکات.

ڕاشیگەیاندووە، دەبیستم هەندێک لە بەرپرسە ئەڵمانییەکان سەرکۆنەی ڕادیکاڵبوونم دەکەن و بە ئاشکرا بینینی من بە مەترسی بۆ سەر سیاسەتی ئێران دەزانن، ئەگەر پاڵپشتیی لە مافەکانی ژنان و ویستی کۆتاییهێنان بە جیاوازی جێندەریی ڕژێمی ئێران ڕادیکاڵانەیە، ئەوا من شانازیی دەکەم بەو شێوە بناسرێم.

باسی لەوەش کردووە، حکومەتی ئەڵمانیا هاوکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات لە بێدەنگ کردنی هاووڵاتییانی ناڕازیی و خۆپیشاندەران، بەڵام من ئەو یارییەی ئەوان ڕەت دەکەمەوە و هەروەها سەرەتای ئەم هەفتەیە چەندین دیدارم لەگەڵ پەرلەمانتاران و وەزیری لایەنە جیاوازەکان ئەنجام داوە و ئومێدی زۆرم هەیە کە پاڵپشتی ژنانی ئێران بن.

ر.س

Comments are closed.