بە فشاری توركیا چوار بەرپرسی حەماس لە لیبیا ئازاد كران

ناوەندی هەواڵەكان

حەوت ساڵ بەر لە ئێستا بە تۆمەتی چالاكی گوماناویی و گواستنەوەی چەك بۆ غەزە، لیبیا چوار ئەندامی بزووتنەوەی حەماسی دەستگیر كرد، دوێنێش بە فشاری تورکیا و دوای حەوت ساڵ ئازاد كران.

لە ساڵی ٢٠١٦  لەلایەن دەسەڵاتی لیبیاوە چوار بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماس بە چەند تۆمەتێک دەستگیركران، زانیارییە میدیاییەكان ئاماژەیان بە دەستوەردانی توركیا كردووە لە ئازادكردنی ئەو چوار بەرپرسەى حەماس.

دوای ئەوەی تۆمەتەكانی سیخوڕیی و گواستنەوەی چەك بۆ كەرتی غەزە بەسەریاندا ساغبووەوە، ئەوانیش هەریەك لە مەڕوان ئەشقەڕ لە زانستی ژینگە بڕوانامەی دكتۆرای بەدەست هێناوە، هاوكات محەمەد شەبیر و موئەید جەمال عابد و بەڕائ مەڕوان خوێندكارانی كۆلیژی هەندەسە.

میدیا عەرەبیەكان بڵاویان كردووەتەوە، بە فشارێكی زۆری توركیا ئەو چوار بەرپرسەی بزووتنەوەی حەماس دوێنێ هەینی ئازادكراون، بە یاوەری بەرپرسێكی باڵای لیبی بە فڕۆكەیەكی تایبەت بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ قەتەر ڕەوانە كراون.

لەبارەی ئازادكردنی ئەو چوار كەسەی بزووتنەوەی حەماسەوە، هیچ بەرپرسێكی ئەمنی و باڵای لیبیا لێدوانیان لەسەری نەداوە.

پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەی بڵاوكردەوە، بزووتنەوەی حەماس وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناناسێنن، هاوكات ئازادكردنی ئەم چوار بەرپرسەی حەماس لە ڕێی فشارەكانی توركیاوە بەڕای چاودێرانی سیاسیی توركیا وەك ناوەندێكی چالاكی بزووتنەوەی حەماس دەستنیشان دەكرێت.

ب. هـ

Comments are closed.