هەڵمەتێکی نەمام ناشتن لە سنووری سەیدسادق بەڕێوەچوو

سەیدسادق

بە مەبەستی پاراستن و سەوزکردنى ژینگە و هاندانى هاوڵاتییان بۆ زیاتر پاراستنى ژینگە و پاک ڕاگرتنی، هەڵمەتێکی نەمام ناشتن و پاكکردنەوە لە سنووری سەیدسادق بەڕێوەچوو، خەڵاتیش بەسەر چەند هاوڵاتییەکی پارێزەری ژینگە دابەش کرا.

ئەمڕۆ لە گوندی گامێش تەپەی سنووری شارۆچكەی سەیدسادق، لە ژێر درووشمی “نەمامێك دەڕوێنم بۆ ئازیزێك” پڕۆژەی پێنجوێن شاری فێربوونە، بە هاوبەشی گرووپی نەمام هەڵمەتێکی نەمام ناشتن بەڕێوەچوو.

نزار ئەسعەد
نزار ئەسعەد

نزار ئەسعەد ئەنجوومەنی گوندی گامێش تەپە لە سنووری شارۆچكەی سەیدسادق بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەمڕۆ هەڵمەتی پێنجوێن شاری فێروبوونە، لەوێوە پڕۆژە ژینگەییەكان دەستی پێ كردووە، ئەمڕۆش ئێمە درێژەپێدەری ئەو پڕۆژەیە دەبین، بە سەوزكردنی گوندەكەمان.

ئاماژەى بەوەش کرد، سەرەتا ٤٠ نەمامیان پێ گەیشتووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا نەمامەكانی دیكەیان پێ دەگات، لەم پڕۆژەیەدا دەیانەوێت ڕووبەرێكی زۆری گوندەكەیان سەوز بكەن بە نەمامی توو.

وتیشی: پڕۆژەكە سەرەتا بە سەوزكردنی گوندەكەمان بە ناشتنی نەمام دەستی پێكردووە، بۆ ماوەی یەك هەفتە بەردەوامی دەبێت، هەروەها خەڵاتی ڕێزلێنانمان هەیە بۆ چەند ماڵێكی گوندەكەمان كە باخچە و ڕووبەری سەوزاییان زۆرە لە ماڵەكانیاندا، جگە لەوەش هەڵمەتی پاكکردنەوە لە گوندەكەمان ئەنجامدەدەین.

نزار ئەسعەد ئاماژەی بەوەش كرد، لە ڕێگەی ئەم چالاكییەوە دەیانەوێت بڵێن، لە هەر شوێنێكی كوردستان بن پاراستنی ژینگە ئەركی سەرشانی هەموومانە، دەشڵێت: پێویستە هەوڵبدەین منداڵەكانمان بە جۆرێك پەروەردە بكەین، ژینگەیەكی جوان و پارێزراومان هەبێت، نەمامەكانی ئەمڕۆشمان نەوەكانی داهاتوو بەرهەمەكەی دەخۆن و دەیبینن، ڕۆژانە كەشوهەوا بەرەو پیسبوون دەڕوات، پێویستە بە هەموومانەوە بەشتێكی كەمیش بێت خزمەتی ژینگە بكەین.

هـ.ح

Comments are closed.