سبەی خۆپیشاندانی سەرتاسەرییە لە پارێزگای سلێمانی

ناوەندی هەواڵەكان

بڕیارە سبەی سەرجەم توێژەكانی پارێزگای سلێمانی لە كاتژمێر ١٠ سەرلەبەیانی خۆپیشاندانێكی سەرتاسەری ئەنجام بدەن و ئەمڕۆش لەبارەى ئەو خۆپیشاندانەوە مامۆستایانى ناڕازیی کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن.

لەلایەن دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی سەرجەم توێژەكان ئاگاداركراونەتەوە، بۆ ئەوەی سبەی كاتژمێر ١٠ سەرلەبەیانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری بكەن.

مامۆستا عادل حەسەن ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەو هەموو قەیرانانەی هەیە سبەی خۆپیشاندانی سەرتاسەرییە و بە هەموو توێژەكانمان ڕاگەیاندووە بەشداربن لەم خۆپیشاندانەدا.

وتیشی: سبەی كاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی خۆپیشاندانەكە ئەنجام دەدرێت.

سەبارەت بە چوونی نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سوودانی و عەممار حەكیم و محەمەد حەلبووسی، مامۆستا عادل حەسەن وتی: ناوی نوێنەرانی ناڕازیی تەواو بووە و ڕادەستی بەغدامان كردووە، چاوەڕێی كاتی چاوپێكەوتنەكەین، بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكەین.

وا بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كاتژمێر چوار لەبارەی خۆپیشاندانەی سبەینێ، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوا ئەنجام بدرێت.

ب. هـ

Comments are closed.