لە یەك مانگدا ١١٨ كۆڵبەر كوژران و بریندار بوون

ناوەندى هەواڵەکان

بەپێى ئامارەکان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە چەند  ناوچەیەکى سنوورى جیاوازی ڕۆژهەڵاتى کوردستان و سنوورەکانى ئازەربایجان ١١٨كۆڵبەر لەلایەن هێزە چەکدارەکانى ئێرانەوە كوژران و بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە، تەنها لە ماوەی مانگێكدا هەشت كۆڵبەر كوژراون و یەكێك لەو كوژراوانە گەنج بووە و زۆرترین كوژراو و بریندارەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوون.

بەپێى ئاماری میدیاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە مانگی ڕابردوودا هەشت كۆڵبەر كوژراون و (١١٠) كۆڵبەریش بریندار بوون، کە یەكێك لە كوژراوەكان گەنج بووە و لە كۆی (١١٠) برینداربوویش (١٤) كەسیان تەمەنییان لە خوار (١٨) ساڵەوە بووە.

باس لەوەشكراوە: بە پێداچوونەوە بە ئاماری كوژراو و برینداربووانی مانگەكانی ڕابردوو دەریدەخات، كە ڕێژەی كوشتن و برینداربوونی كۆڵبەران لە مانگی (١١) بە بەراورد بە مانگی (١٠)ی ئەمساڵ (٢٩٣%) زیادی كردووە.

دەشڵێن، هەروەها كوژران و برینداربوونی (١١٨) كۆڵبەر لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانى ئێران بووە.

بەپێی زانیارییە میدیاییەكان، زۆرترین ژمارەی كوژراو و برینداربوونی كۆڵبەران لە پارێزگاكانی ڕۆژهەڵاتى كوردستان بووە، كە (٩٣) حاڵەت تێیاندا ڕوویداوە و دوای ئەوەش پارێزگاى كرماشانە، كە (٢٢) حاڵەتی تێدا بووە و ئازەربایجانی ڕۆژئاواش سێ حاڵەت.

بـ.هـ

Comments are closed.