هاوڵاتییانی هەرێم: پەکەکە گەلی کوردی زیندوو کردەوە و پێشی خست

باران گەرمیانی

بەشێک لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، دامەزراندنی پەکەکە هەنگاوێکی زۆر باش بوو، گەل ئومێدی لەسەر هەڵچنیووە و دەشڵێن: پەکەکە بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان خۆی بنیاتناوە و توانیویەتی گەلی کورد زیندوو بکاتەوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨، بە ڕابەرایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرا، هەر زوو خەباتی خۆی بەرفراوان کرد و ئێستا لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، لە پێناو ئازادیی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و خاوەن فکر و پڕۆژەى چارەسەرییە بۆ کێشەکانی ناوچەکە.

لەبارەى دامەزراندن و ڕۆڵ و کاریگەریی پەکەکە بۆ ئازادیی گەلی کورد بەشێک لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان  بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

قادر سەعید
قادر سەعید

قادر سەعید، هاوڵاتییەکى شاری سلێمانییە و بە ڕۆژنیوزی وت: دامەزراندنی پەکەکە و بزووتنەوەی ئاپۆچی لە کوردستانی گەورەدا هەنگاوێکی زۆر باش بوو، ڕاستە پێشتر شۆڕش کرابوو و شەهیدی زۆریش درابوو، بەڵام نەتوانرا شۆڕشەکە بە ئەنجام بگەیەنن، درووستبوونی پەکەکە دڵخۆشییەکی گەورەی بە گەل دا، ئێستا گەل ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵچنیووە، بۆیە جێگەی متمانەی گەلە.

ئاماژەی بەوەشدا، پەکەکە وانەی وەرگرتووە لە شۆڕشەکانی پێش خۆی، بۆیە ئێستا هەموو دوژمنانی کورد لە دژی جوڵانەوەی ئاپۆچین، بەردەوام فشار دەکەن و هەڕەشە لە دۆست و لایەنگرانی دەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پەکەکە وەکو حزبەکانی دیکە نییە و ڕادەستیش نابێت، لە بەرامبەریشدا بەرخۆدان دەکات و سەرکەوتن هەر بۆ ئەوان و گەلە.

قادر محەمەد
قادر محەمەد

قادر محەمەد، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەی پێنجوێن بە ڕۆژنیوزی وت:  ٤٥ــەمین ساڵیادی پەکەکە، لە گەلی کورد و تەواوی گەلانی دیکە پیرۆز دەکەم، پەکەکە توانیویەتی گەلی کورد زیندوو بکاتەوە و پێشی بخات، ئەو کەلتوورەی کە داگیرکەران بەسەر کورد دا سەپاندوویانە، پێشێلی بکات و لەناوی ببات، سەرلەنوێ گەلی کورد زیندوو بکاتەوە و بیخاتەوە سەر پێ.

ئەو هاوڵاتییە باسی لەوەش کرد، پەکەکە بە فکری ڕێبەر ئۆجالان دامەزراوە، هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە دنیادا یەک لە دوای یەک سەریان هەڵداوە، هیچیان چارەسەری بۆ گەلانی جیهان و بە تایبەت کورد نەهێناوە، بەڵام بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان توانیویەتی بیرۆکەیەکی بەو شێوەیە دابمەزرێنێت بۆ ڕزگاربوون لەم هەموو کێشانەی لە کۆمەڵگەی جیهاندا هەیە، فەلسەفەیەکە بە گەلانی جیهان دەڵێت پێکەوە ژیان باشترین چارەسەرە بۆ مرۆڤایەتی.

هـ.ح

Comments are closed.