ژمارەى کوژراوانى غەزە ١٥ هەزار کەسى تێپەڕاند

ناوەندى هەواڵەکان

وەزارەتى تەندرووستى فەڵەستین بڵاوى کردەوە، تا ئێستا بەهۆى هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر کەرتى غەزە ١٥ هەزار و ٢٠٧ کەس کوژراون و هەروەها، ٤٠ هەزار و ٦٥٢ کەسیش برینداربوون.

وەزارەتى تەندرووستى فەڵەستین نوێترین ئامارى قوربانیانى کەرتى غەزەى بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیل بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە سەرەتاى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر کەرتى غەزە تا ئێستا ١٥ هەزار و ٢٠٧ کەس کوژراون.

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، هەر بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٤٠ هەزار و ٦٥٢ کەس برینداربوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە سەدان كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

جێگەى ئاماژەیە، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەزە حەوت ڕۆژ بەردەوام بوو، كە لە ٢٤ی مانگى ڕابردووەوە دەستی پێ كرد و دوو جار درێژكرایەوە، سەرلەبەیانی ١ى ئەم مانگە ئاگربەستەکە كۆتایی هات، دوای ئەوەی هیچ لایەك ئامادە نەبوون ڕێککەوتن درێژکەنەوە.

ئ.م

Comments are closed.