نیو ملیۆن کەس سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبیان لە سلێمانی کردووە

سلێمانی

دوای ١٠ ڕۆژ لە بەردەوامبوونی, ئەمڕۆ پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری سلێمانی کۆتایی هات و بە وتەى سەرپەرشتیاری پێشانگاکە، نزیکەی نیو ملیۆن کەس سەردانی پێشانگاکەیان کردووە.

ئەمڕۆ لە هۆڵی تایبەت بە پێشانگای نێودەوڵەتی لە تاسڵوجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی دوایین ڕۆژی پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب بوو کە ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام بوو، کە لەو پێشانگایەدا لە ٢٠ وڵاتەوە زیاتر لە ٢٠٠ ناوەند و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بەشدارییان تێدا کردبوو.

شەوقی عومەر جێگری بەڕێوەبەری پێنجەمین پێشانگای کتێب لە سلێمانی، سەبارەت بە پێشانگاکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: دوای دە ڕۆژ پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری سلێمانی بە کۆتا هات، کە تێیدا بە تێکڕا نزیک بووەتەوە لە نیو ملیۆن کەس سەردانی پێشەنگاکەیان کردووە.

ئاماژەى بەوەش کرد، نزیک بە نیوەی ئەو ڕێژەیە لە ناوخۆی شاری سلێمانی بووە و نیوەکەی تری لە ناوچەکانی تری کوردستان و عێراق بووە، ژمارەی سەردانکەرانی ڕۆژانە دەیان هەزاری تێپەڕاندووە، ئاماری فرۆش ڕۆژانە بە قەبارەی سەدان ملیۆن دینار بووە.

شەوقی عومەر وتیشی: جێگەی دڵخۆشییە زۆربەی زۆری سەردانکەرانی پێشانگاکە بریتیە لە گەنجان، دەکرێت بڵێین ئەمە یەکەم پێشانگایە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقدا، کە بەو ڕێژە زۆرە خوێندکاران و مامۆستایان و گەنجان سەردانیان کردووە.

دوای تێپەڕبوونی دە ڕۆژ پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری سلێمانی بە کۆتا هات، كە زیاتر لە یەك ملیۆن ناونیشانی جیاوازی لەخۆ گرتبوو.

هـ.ح

Comments are closed.