ناوەندی هەواڵەکان
ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکدا بانگەشەی لەناوبردنی “تیرۆرستانی حەماس و داعش” دەکات، هاوکات لینکی تویتەری فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیای داناوە و دەڵێت: لە غەزە دەریان دەپەڕێنین ئێوە دەتوانن بیانگرنە خۆتان، بەم پێیەش تورکیا بە تیرۆرست لە قەڵەم دراوە و دەبێتە ئامانجی ئیسرائیل.
کەمێک لەمەوبەر ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕاستەوخۆ هۆشداریی دا بە سەرۆکایەتی کۆماریی تورکیا.
ئێلی کۆهین، لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، ” ڕێکخراوی تیرۆرستی حەماس – داعش لەمڕۆ بە دواوە لە غەزە لەناو دەبەین و دەریان دەپەڕێنین” هەروەها لە بەشی خوارەوەی پەیامەکەیدا لینکی تویتەری فەرمی یاخود پەڕەی ئێکسی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیای داناوە و ئاماژەی بەوەداوە دوای لەناوبردن و دەرپەڕاندنیان لە غەزە، ئێوە دەتوانن پێشوازییان لێ بکەن و بیگرنە خۆتان.
ئەمەش بە واتای ئەوە دێت ئیسرائیل ڕاستەوخۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بە تیرۆرست لە قەڵەم دەدات و وەک لانکەی گرووپە تیرۆرستییەکان سەیری دەکات، وەک چۆن پاڵپشتی یەکەمی ئابووریی و سەربازیی گرووپە چەتەکانی داعشن و وڵاتەکەیان کردووە بە مۆڵگەیان ئاواش بۆ گرووپە چەکدارەکانی حەماس.
جگە لەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، پشتیوانی خۆی بۆ حەماس نیشاندا و وتی کە تیرۆرست نین، هاوکات ئیسرائیل پەیامێکی توند و هەڕەشەئامێزی بڵاوکردەوە لەبارەی بە ئامانجکردنی حەماس لە هەر وڵاتێکی تردا گەر بیانەوێت خۆیان حەشار بدەن، بە گوێرەی ئەم تویتەی کۆتاییش بێت تورکیا دەبێتە یەکێک لە ئامانجەکانی ئیسرائیل.
هەر ئەمڕۆش، بە فشارێكی زۆری توركیا چوار بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس کە دوێنێ هەینی لە زیندان دەرکرابوون، بە یاوەری بەرپرسێكی باڵای لیبی بە فڕۆكەیەكی تایبەتی دەوڵەتی تورک بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ قەتەر ڕەوانە كراون، لە کاتێکدا چەندین تۆمەتی قورسیان لەسەر بووە، ئەردۆغان دەیەوێت هاوشێوەی داعش سەرجەم بەرپرسانی حەماسیش لە وڵاتەکەیدا کۆبکاتەوە و بەکاریان بهێنێت.
ب.گ
Comments are closed.