مامۆستایانی ناڕازیی: سبەی خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵ ئەنجام دەدەین

سلێمانی

ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، سبەینێ خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵ ئەنجام دەدەین و داواش لە هەموو چین و توێژەکان دەکەین، لەگەڵمان بەشدار بن کاسبکاران دووکانەکانیان دابخەن.

ئەمڕۆ لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە بارەی بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە بەرامبەر پێنەدانی شایستە دارایییەکانیان و دروستکردنی قەیرانەکان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ڕاگەیاندراوی ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، لە لایەن سامان تاهیر خوێنرایەوە و تێیدا هاتبوو: وەک مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە پارێزگای سلێمانی، بڕیارمان داوە بە هاوکاریی هاوڕێیانمان لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین، سبەینێ خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵ ئەنجام بدەین.

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە ڕاگەیەنراوەکەیان داوایان لە مامۆستایانی ئایینی، دایک و باوکی خوێندکاران، ڕۆشنبیران و هەموو چین و توێژەکان دەکرد، سبەینێ لەگەڵیان بەشدار بن و بچنە ڕیزی خۆپیشاندانەکانیانەوە، پاشان داوایان لە کاسبکار و دووکاندارەکان کرد بۆ چەند کاتژمێرێک دووکان و بازاڕەکانیان دابخەن.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا هاتبوو: قەیرانەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی بێ دەنگی دوێنێ یە، بێ دەنگی زیاتر قەیرانی زیاتر و بێ مووچەیی و بێ کارەبا و ئاو و بازاڕیی زیاتر دەهێنێت.

سبەینێ هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی سنووری پارێزگای سلێمانی و شارۆچکەی کۆیە، لەبەردەم پەروەردەی گشتی ڕۆژئاوای سلێمانی، لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی بەڕێوە دەچێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، دەبووایە لە ١٣ـی مانگی ئەیلوول، پرۆسەی خوێندن لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەستی پێ بکردایە، بەڵام بە هۆی پێ نەدانی شایستە دارایییەکانی مامۆستا و فەرمانبەران و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، تا ئێستا خوێندن دەستی پێ نەکردووەتەوە، بۆیە مامۆستایان و فەرمانبەران بڕیاری بایکۆتییان داوە.

ر.س

Comments are closed.