کۆریای باکوور: ئەمریکا هێرش بکاتە سەر مانگە دەستکردەکەمان جەنگ ڕادەگەیەنن

ناوەندی هەواڵەکان

کۆریای باکوور هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات، ئەگەر هەر هێرشێک بۆ لەناوبردنی مانگە دەستکردەکەیان ئەنجام بدرێت، بە هەنگاوی “ڕاگەیاندنی جەنگ”ـی دادەنێن.

کۆریای باکوور هەڕەشەی لەناوبردنی مانگی دەستکردی سیخوڕی ئەمریکا دەکات، ئەگەر واشنتن هەوڵ بدات “هەر هێرشێک ” ئەنجام بدات بۆ سەر مانگە دەستکردەکەیان کە ماوەی ١٠ ڕۆژە هەڵیانداوە، لە ئەگەری خستنە خوارەوەی بە هەنگاوی ” ڕاگەیاندنی جەنگ “ـی دادەنێت.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پیۆنگیانگ وەڵامی هەر دەستتێوەردانێکی ئەمریکا دەداتەوە کە پێشێلی مافەکانی وڵاتەکەی بکات لە بۆشایی ئاسماندا، بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەرگریکردن لە خۆی بۆ سنووردارکردن یان لەناوبردنی توانای مانگی دەستکردی گەڕانی ئەمریکا لە بۆشایی ئاسماندا.

هەفتەی ڕابردوو کۆریای باکوور مانگی دەستکردی “مالیگ یۆنگ ١”ـی هەڵدا و پیۆنگیانگ دەڵێت: مانگە دەستکردەکەمان توانیویەتی چاودێری شوێنە سەرەکییەکانی ئەمریکا و کۆریای باشوور بکات، ئەمە سێیەم هەوڵی کۆریایە بۆ دانانی مانگی دەستکردی سیخوڕی بۆ خولگەی ئاسمان، دوای ئەوەی لەم ساڵدا دوو هەوڵ شکستی هێنا.

شارەزایان دەڵێن، دانانی مانگی دەستکردی سیخوڕی دەبێتە هۆی باشترکردنی تواناکانی کۆریای باکوور بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری بەتایبەتی لەسەر کۆریای باشوور، و دابینکردنی زانیاری گرنگ لە هەر ناکۆکییەکی سەربازیدا.

سەبارەت بە مانگە دەستکردەکە کۆریای باشوور دەڵێت: کۆریای باکوور هاوکاری تەکنیکی لە مۆسکۆوە وەرگرتووە لە بەرامبەر هاوکاریکردنی ڕووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکراینا.

لە بەرامبەردا کۆریای باشوور سەرقاڵی بەهێزکردنی سیستەمی سیخوڕی وڵاتەکەیەتی و تا ئێستا تەنیا یەک مانگی دەستکردی سیخوڕی ناوخۆیی هەیە، کە توانای چاودێریکردنی چالاکییە ناوەکییەکانی کۆریای باکووری هەیە و سیئۆل دەیەوێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ چوار مانگی دەستکردی دیکە هەڵبدات بۆ بەهێزکردنی توانا سیخوڕییەکانی.

ر.س

Comments are closed.