ئەمشەو سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەگاتە بەغدا

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمشەو سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەرۆکایەتی شاندێکی سەربازی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، بڕیارە ئەمشەو محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بانگهێشتی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەردانی بەغدا بکات.

ئاماژە بەوە دراوە، محەممەد باقری بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی – سیاسی لە بەغدا لەگەڵ هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی دیکە کۆ دەبێتەوە.

بەگوێرەی بەرنامەی هاتنی شاندەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە بەغدا دەمێننەوە و بەگوێرەی میدیای فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەوەری کۆبوونەوەکان ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە هەروەها پەیوەندی دوو لایەنەی سەربازی و ئاسایشی سنوورەکان دەبێت.

سەردانەکەی سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ عێراق، لە دوای هۆشدارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دێت کە گرووپ و لایەنگرانی ئێران بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە ئەنبار و سووریا و بەمەش زیانێکی زۆر بەر هێزەکانیان کەوتووە.

هەروەها بەشێکی دیکەی سەردانەکە پەیوەست دەبێت بە دوایین ئەنجامی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەیان لەگەڵ عێراق بۆ چەککردن و دوورخستنەوەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا ناڕەزایەتییان هەبوو، عێراق تەواوی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە.

ر.س

Comments are closed.