نهێنییەکی کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سوودانی ئاشکرا دەکرێت

ناوەندی هەواڵەکان

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نهێنی کۆبوونەوەی دوایین سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ لای سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرا دەکات، ئاماژەی بەوە داوە، باسی دۆسیەی یاسای نەوت و گاز کراوە، بەڵام نەگەیشتوون بە هیچ ڕێککەوتن.

ئینتیسار جەزیری، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، شاندی کوردی کە بەم دواییانە سەردانی بەغدای کردووە، باسی دۆسیەی یاسای نەوت و گازی کردووە و لە کاتێکدا ئەم پرسە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵییە و ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە.

ڕایگەیاندوە، کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک وەزیران و شاندی کوردی لە بەغدای پایتەخت لەبارەی چەند دۆسییەک بووە، یەکێک لەوانە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و یاسای نەوت و گاز بووە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک لەبارە یاسای نەوت و گاز نەکراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم یاسایە لە ئێستادا لە بەرنامەی کابینەکەی حکومەتی فیدراڵی دایە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی نوێ سەبارەت بە یاساکە دەرنەکەوتووە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان پێی وایە، یاسای نەوت و گاز لە ساڵی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەهێز پێشکەش دەکرێت و دەهێنرێتە پەرلەمانەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ دانوستانێک لە نێوان شاندی کوردی و بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵیدا نەکراوە و کۆتا سەردانی شاندەکەش لەو بارەیەوە بووە.

ر.س

Comments are closed.