بوومەلەرزەیەک فلیپین دەهەژێنێت و ژاپۆنیش ئاگاداری تسونامی بڵاودەکاتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمشەو بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٦ پلەی ڕێختەر فلیپینی هەژاند و ژاپۆنیش هۆشداری دەدات لە دروستبوونی تسۆنامی و داوای چۆڵ کردنی ناوچەکە دەکات.

ئەمشەو فلیپین بە بوومەلەرزەیەکی بەهێز هەژێنرا و زیانێکی زۆری ماددی بەرکەوت و کەشناسی ژاپۆنیش هۆشداری دەدات، ئەمشەو ئەگەری دروست بوونی تسۆنامی هەیە، بە بەرزی یەک مەتر و دوورگەی ئاسیا دەگرێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای بوومەلەرزەزانی فلیپین، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی ٦٣ کیلۆمەتر بووە و ئەگەر هەیە فلیپین و ژاپۆن ڕووبەڕووی تسۆنامی ببنەوە.

ئاژانسی بوومەلەرزەزانی فلیپین ئاشکرای کردووە، تا نیوەشەو ئەگەری هەیە تسونامی لە فلیپین ڕوو بدات و هۆشداری بە دانیشتوانی کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی مینداناو دراوە دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

کەناڵی NHKـی ژاپۆنی ڕایگەیاندووە، کە شەپۆلی تسونامی کە بەرزییەکەی دەگاتە مەترێک، تا کاتژمێر ١:٣٠ خولەکی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە دوورگەی ئاسیا دەگرێتەوە.

بەگوێرەی میدیاکانی فلیپین، بوومەلەرزەکە کاتژمێر ١٠:٣٧ خولەکی ئەمشەو بە کاتی ناوخۆی وڵاتەکە ڕووی داوە و ئاگادارییەک لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای دەریای هێمن لە ژاپۆن بڵاو کراوەتەوە، کە ئەگەری دروست بوونی تسۆنامی هەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە مانگی ڕابردوودا بوومەلەرزەیەکی هاوشێوە بە گوڕی ٧.٢ پلەی ڕێختەر ناوچەکەی هەژاندووە و بەگوێرەی بەشی بوومەلەرزەزانی ئەمریکا، ساڵانە لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ بوومەلەرزە بە گوڕی چوار یان زیاتر بە خۆییەوە دەبینێت.

ر.س

Comments are closed.