“هیچ بارمتەیەکی لای حەماس ئازاد ناکرێت تا سەرجەم دیلە فەڵەستینییەکان ئازاد نەکرێن”

ناوەندی هەواڵەکان

بەرپرسانی مەکتەبی سیاسی حەماس ڕایدەگەیەنن، هەتا جەنگ لە غەزە ڕانەگیرێت، هیچ بارمتەیەکی ئیسرائیلی ئازاد ناکرێت و دەبێت سەرجەم دیلە فەڵەستینییەکانیش ئازاد بکرێن.

ساڵح عاروری، جێگری سەرۆکی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند، تاوەکوو دژایەتی و جەنگ لە غەزە ڕانەوەستێت، هیچ ئاڵوگۆڕێکی دیل و بارمتە لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام نادەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ بارمتە ئیسرائیلی ئازاد ناکرێت، تا سەرجەم دیلە فەڵەستینییەکان ئازاد نەکرێت.

بە وتەی ئەندامێکی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس، ئەو بارمتانەی لە دەست هێزەکانی غەزە ماون، چەند سەرباز و پیاوێکن کە لە سوپای ئیسرائیلدا خزمەتیان هەیە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام دەڵێت، “هێشتا ژن و منداڵ ماوە.”

ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ تیمێکی دەزگای هەواڵگری مۆساد گەیشتنە دەوحەی قەتەر بە ئامانجی ئاگربەست لەگەڵ حەماس، بەڵام لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بە پەلە کشێنرانەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان دانوستانەکانی ئاگر بەست شکستی پێ هێنراوە و جەنگ بەردەوام دەبێت.

ر.س

Comments are closed.